رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دابەشکردنی کارەبا ئاسایی بووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە لە وێستگەی کەورگۆسک، کێشە لە چەند یەکەیەکی بەرهەمهێنان دروست بوو.
رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026 وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "شەوی رابردوو ئاگر لە وێستگەی کەورگۆسک لە هەولێر کەوتەوە، کە بەهۆیەوە بگۆڕی سەرەکیی وێستگەکە سووتا".
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەم رووداوە بووە هۆی بڕینی کارەبا لەنێوان پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و لەکارکەوتنی چەند یەکەیەکی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزە.
وەزارەتی کارەبا دەڵێت، دواتر تیمەکانی چاکسازیی وێستگەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان دەستیان بە کارەکانیان کرد و توانییان دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە.
وەزارەتەکە راشیگەیاند، تیمەکان سەرقاڵی چاککردنەوەی بگۆڕە سووتاوەکەن. تاوەکو تەواوبوونی کارەکانی چاککردنەوەش، فیدەرەکانی سەر ئەو بگۆڕە خراونەتە سەر بگۆڕێکی دیکەی جێگرەوە، بۆ ئەوەی دابەشکردنی کارەبا بەردەوام بێت و کێشە بۆ هاووڵاتییان دروست نەبێت.
ئەمڕۆ (پڕۆژەی رووناکی) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە وێستگەی کەورگۆسک، بۆ ماوەیەکی کاتی کارەبای چەند ناوچەیەک بڕاوە و کێشەی تەکنیکی بۆ دابەشکردنی وزە دروستبووە.



