رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی هەولێر دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی رێگەوبان کردووە کە بە گوژمەی زیاتر لە چوار ملیار دینار رێگەی پیرمام و بەحرکە پێکەوە دەبەستێتەوە و کێشەی ئاو و جەنجاڵیش لە چەند گەڕەکێک چارەسەر دەکات.
رۆژی سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە گوژمەی چوار ملیار و 414 ملیۆن و 550 هەزار دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی، پڕۆژەی دروستکردنی شەقامێکی 20 مەتری جێبەجێ دەکرێ."
سەبارەت بە بایەخی پڕۆژەکە، سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە شەقامێکی سەرەکییە و رێگەی چەند شوێنێکی نیشتەجێبوون بە شەقامێکی 60 مەتریی نێوان رێگەی سەرەکی پیرمام بۆ رێگەی بەحرکە دەبەستێتەوە.
کارزان عەبدولهادی دەڵێ: "بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، کێشەی ئاوی ناوچەکە و جەنجاڵی ئەو گەڕەکانە و شەقامەکان چارەسەر دەبن و کارئاسانی تەواو بۆ خەڵکی ناوچەکە دەکرێ، کە تێیدا شەقامی 60 مەتری و رێگەی پیرمام بەیەکەوە دەبەسترێنەوە."
پڕۆژەکە درێژییەکەی 900 مەترە و سندووقی ئاوی تێدا بۆ جێبەجێ دەکرێ. سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتی: "نزیکەی 20 رۆژە کاری تێدا دەستپێکردووە و هەوڵەکان بۆ ئەوەن تاوەکو زستان تەواو بکرێ."
ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی ئەو رێکار و پلانانەیە کە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی شاری هەولێر، کەمکردنەوەی جەنجاڵی لە شەقامە سەرەکییەکان و رووبەڕووبوونەوەی لافاو داڕێژراون.



