رووداو دیجیتاڵ
د. عەبدولفەتاح بۆتانی، سەرۆکی پێشووی ئەکادیمیای کوردی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی زانکۆی دهۆک، لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی مووسڵ - دهۆک کۆچی دوایی کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسەنامەی سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو کرد.
رۆژی سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، مەتین جەمیل، گوتەبێژی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "د. عەبدولفەتاح بۆتانی لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی مووسڵ - دهۆک کۆچی دوایی کرد."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو، ئەکادیمیای کوردی و تەواوی نووسەر و ئەکادیمیستانی کوردستان کرد و رایگەیاند: "خوالێخۆشبوو تەمەنێک بە دڵسۆزی خزمەتی بە زانست، رۆشنبیری و فەرهەنگی کوردی کرد."
د. عەبدولفەتاح بۆتانی، مێژوونووسێکی دیاری کوردستان و یەکێک بوو لە مامۆستا ناسراوەکانی زانکۆی دهۆک، کە لە ماوەی ژیانیدا خزمەتێکی زۆری بە بواری مێژوو و زانستی کوردی کرد.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پرسەنامەیەکدا خەمباریی خۆی بۆ کۆچی دوایی د. عەبدولفەتاح بۆتانی دەربڕی و رایگەیاند: "دڵگران و خەمبار بووین بە بیستنی هەواڵی گیانلەدەستدانی د. عەبدولفەتاح بۆتانی، کە خزمەتێکی زۆری بە مێژوو و زانستی کوردی کرد."
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکردووە کە بۆتانی یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی زانکۆی دهۆک و دەڵێت: "بۆ ئەم کۆچە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خۆمان، مێژوونووسان، ئەکادیمیستان و بنەماڵەکەی دەکەین."



