رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق دەکرێتە کتێبێکی 590 لاپەڕەیی و نووسەری کتێبەکە دەڵێت، "جگە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق، کتێبەکە باسی پهیوهندییهكانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و رەنگدانەوە و کاریگەرییەکانی بەسەر عێراقەوە رووندەکاتەوە."
کتێبەکە توێژینەوەیەکە بە ناونیشانی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق لە 1979 - 1991 توێژینەوەیەک لە پهیوهندییە سیاسییەکان"، کە نامەی دکتۆرای د. نەهرۆ محەممەدە و لە بەشی مێژووی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین بەدەستیهێناوە، بە شێوەیەکی ئەکادیمی لە پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و عێراق لەو ماوەیە دەکۆڵێتەوە.
د. نەهرۆ لەبارەی کتێبەکەیەوە دەڵێت، "لە توێژینەوەکەدا سوود لە دەیان بەڵگەنامە و سەرچاوەی دانسقە بە زمانەکانی ئینگلیزی، کوردی، عەرەبی و فارسی وەرگیراوە، کە تێزەکەیان دەوڵەمەندتر و بەهادارتر کردووە."
هەروەها نووسەری کتێبەکە روونی کردەوە، هەندێک بەڵگەنامەی لەنێو کتێبەکەیدا بەکارهێناون، پیشتر بڵاونەکراونەتەوە، "بەڵگەنامەکانی کۆشکی سپی (The White House Papers)ن، کە زانیاریی بایەخداریان تێدایە، سەرۆکەکانی ئەمریکا هەڵوێست و دیدگای خۆیان لەبارەی عێراق خستووەتەڕوو، بەشێک لە زانیارییەکان یەکەمجارە لە دووتوێی توێژینەوەیەکی ئەکادیمی باس دەکرێن. هەروەها بەڵگەنامە و برووسکەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و بەرپرسانی وەزارەتەکە و باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا بایەخدارن."
د. نەهرۆ محەممەد، لەدایکبووی ساڵی 1981ی شاری هەولێرە و مامۆستای زانستە کۆمەڵایەتییەکانە لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتیی زانکۆی سەڵاحەدین، هاوکات رۆژنامەڤانێکی دیاری تۆڕی میدیایی رووداوە و لە سەرەتای دامەزراندنی رووداوەوە لە دێسکی عێراقی کار دەکات.




