رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەڤان هەرمان خالید، دوای چەند رۆژێک لە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کۆچی دواییکرد.
رۆژی سێشەممە 1ی ئەیلوولی 2026 سامان سەلمان، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، هەرمان خالید دوای ئەوەی بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە گەیێندرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رزگاری، لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدا بوو، بەڵام ئەمڕۆ کۆچی دواییکرد.
هاوکات رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەند رۆژێک پێش ئێستا هەرمان خالید، رۆژنامەڤان و هەواڵساز تووشی جەڵتەی مێشک بوو، بەڵام ئەمڕۆ گیانی سپارد."
رێکخەری سەنتەری میترۆ باسی لە ئەزموونی کاری ئەو رۆژنامەڤانە کرد و گوتی، "هەرمان خالید یەکێک بوو لە رۆژنامەڤانە هەرە باش و سەرکەوتووەکان و 15 ساڵ خزمەتی لە بواری راگەیاندندا هەبوو."
ئەو رۆژنامەڤانە خاوەن پێداویستیی تایبەت بوو و دۆخی دارایی باش نەبوو. رەحمان غەریب دەڵێ، هەربۆیە داوای کرد مافی خانەنشینی بۆ خێزان و منداڵەکانی دابین بکرێ.
هەروەها گەیلان حاجی، کوڕی پووری هەرمان خالید بە رووداوی گوت، "سێ رۆژ پێش ئێستا جەڵتەی مێشک لێیدا و کەوتە دۆخی کۆما و بێهۆش بوو، ئەمڕۆ نزیک کاژێر 05:00ـی ئێوارە کۆچی دواییکرد."
گەیلان حاجی ئاماژەی بەوەش کرد، هەرمان پێشتر چەندین نەشتەرگەریی بۆ کرابوو و دۆخی تەندروستیی ناجێگیر بوو. گوتیشی، "تاوەکو لەم دواییانەدا توانای رۆیشتنیشی نەمابوو، بەڵام هەر بەردەوام بوو لە کاری رۆژنامەڤانیی خۆی."




