رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی باڵای کرد لەبارەی دۆخی شنگال، تاوتوێی چۆنێتیی هێنانەدیی ئاسایش و دۆخی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان کرا، لەگەڵ رێکخستنەوەی بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لە قەزاکە و کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکداری.
سێشەممە 1ی ئەیلوولی 2026 عەبدولئەمیر شەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد لەبارەی سەقامگیریی شنگال و ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکانی.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆزینەوەی رێگەچارەی کێشەکانیان کراوە لەگەڵ هێنانەدیی ئاسایش و دۆخی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، هەروەها چارەسەری هۆکارەکانی ئاوارەبوونیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، 49 هەزار خێزانی ئاوارەی شنگال لەناو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی کەمپەکانن و نەگەڕاونەتەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە سەرۆکی هەردوو دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئامادەی بوون، جەخت لە رێکخستنی بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان، کاراکردنی رۆڵی پۆلیسی خۆجێی و کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکداری لە قەزای شنگال کراوەتەوە، هەروەها باس لە رێکخستنەوەی دۆخی کارگێڕی و کاراکردنی رۆڵی حکومەتی خۆجێی کراوە بۆ ئەوەی ئەرکەکانی بەتەواوی ببینێت.
بەگوێرەی رێککەوتننامەی شنگال لە ساڵی 2020 لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی قەزاکە لەڕووی ئەمنی و کارگێڕییەوە، یەکێک لە خاڵەکان ئەوەیە کە دۆسیەی ئەمنی ناوخۆی قەزاکە بدرێتە دەست پۆلیسی خۆجێی.



