رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کارەبای هەڵەبجە لە رێگەی رووداوەوە روونکردنەوە لەسەر راگرتنی پێدانی مۆڵەت بە سیستمی سۆلار دەدات و دەڵێت، "کێشەکە کاتی و تەکنیکی بووە."
رۆژی سێشەممە 1ی ئەیلوولی 2026 ئەندازیار کاوان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، دانانی سیستمی سۆلار لە پارێزگای هەڵەبجە هیچ کێشەیەکی نییە، هاووڵاتییان دەتوانن لە ئەمڕۆوە سەردانیان بکەن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کارەبای هەڵەبجە، دوێنی دووشەممە کێشەیەکی تەکنیکی لە کارەبای هەڵەبجە و سیستمەکاندا هەبووە، لەبەر ئەوە بووە پێدانی مۆڵەتی دانانی سیستمی سۆلار راگیراوە.
رۆژی دووشەممە 31ی ئابی 2026 بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای هەڵەبجە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندبوو؛ پێدانی مۆڵەتی دانانی سیستمی سۆلار لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ ماوەیەکی نادیار راگیراوە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەڵەبجە دراوەتە رووداو، 366 ماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە پشت بە سیستمی سۆلار دەبەستن، هاوکات 76 شوێنی بازرگانی و پیشەسازی مۆڵەتی دانانی سیستمەکەیان تەواو کردووە و بەمنزیکانە سیستمی سۆلار دادەنێن.


