رووداو - رادیۆ
نزیکەی 171 کارگوزار لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانی کۆیە، ماوەی 4 مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە. کۆمپانیای جێبەجێکاریش دەڵێت، حکومەت 390 ملیۆن دینار قەرزداریانە و بانکەکان پارەیان بۆ خەرج ناکەن.
ئافرەتێکی کارگوزار لە نەخۆشخانەی شەهید د.خالید لە کۆیە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، مووچەی مانگانەیان تەنیا 400 هەزار دینارە، بەڵام 4 مانگە پێیان نەدراوە.
ئەو کارگوزارە دەڵێت: "من دایکی منداڵێکم و کرێنشینم، سەرچاوەی دیکەی داهاتمان نییە و ژیانمان لە ژێر سفرە؛ ناچارین بۆ بژێویی رۆژانە پەنا بۆ قەرزکردن ببەین."
تەندروستیی کۆیە: نووسراومان کردووە و بانک خەرجی ناکات
دکتۆر شێروان جەلال، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کۆیە، بە رووداوی راگەیاند: "مانگانە نزیکەی 68 ملیۆن دینار بۆ مووچەی ئەو 171 کارگوزارە پێویستە؛ ئێمە هەموو رێکارەکانمان جێبەجێ کردووە، بەڵام پارەکە لە بانکەوە خەرج نەکراوە."
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی هۆشداری دا کە ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت، رەنگە کارگوزارەکان بایکۆتی کارەکانیان بکەن، ئەوەش کاریگەریی خراپی لەسەر خاوێنکردنەوەی نەخۆشخانەکان دەبێت.
کۆمپانیاکە: بانک دەڵێت "کاش" نییە
هەژار نەجات، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (لاست لیف) کە بەرپرسی خاوێنکردنەوەی ناوەندە تەندروستییەکانی کۆیەیە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "گرێبەستمان بە 85 ملیۆن دیناری مانگانە هەیە، بەڵام لە مانگی 4ـەوە هیچ پارەیەکمان لە بانک بۆ خەرج نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی چەکەکانیشمان لایە."
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ئاشکرای کرد، کە تاوەکو ئێستا نزیکەی 390 ملیۆن دیناریان لای حکومەتە و گوتی: "من دوو مانگ مووچەی کارمەندەکانم لە گیرفانی خۆم داوە کە دەگاتە 150 ملیۆن دینار، بەڵام چیدی توانای داراییم نەماوە و بانکیش دەڵێت پارەی نەختینە (کاش) لەبەردەست نییە."


