رووداو - رادیۆ
پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیێنێت، تەنیا ئەو ماتۆڕانە تۆمار دەکرێن کە لە دەروازە فەرمییەکانەوە هاتوون. هاوکات ژمارەیەک کاسبکار دەڵێن بەهۆی بردنی ماتۆڕەکانیانەوە، بژێوییان لە مەترسیدایە.
ئەحمەد عەلی، گەنجێکی کاسبکار و باوکی 2 منداڵە لە هەولێر، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ماتۆڕسکیلەکەی کە بە 865 هەزار دینار بۆ کارکردن کڕیبووی، لەلایەن هاتووچۆوە براوە و ئێستا ناتوانێت کارەکەی بکات.
ئەو کاسبکارە دەڵێت: "من تەنیا 650 هەزار دینار داهاتمە و 300 هەزاری بۆ کرێی خانوو دەڕوات؛ ئەگەر ماتۆڕەکەم نەدەنەوە، نانی خێزانەکەم دەبڕێت؛ ئامادەم هەموو رسوماتێکی حکومەتیش بدەم بۆ ئەوەی ژمارەی بۆ وەربگرم."
کێشەی ئەحمەد و زۆر لەو گەنجانەی ماتۆڕسکیلیان هەیە، نەبوونی ژمارە و مانیفێستی فەرمییە، کە وایکردووە هێزە ئەمنییەکان دەست بەسەر ئامێرەکانیاندا بگرن.
هاتووچۆی هەولێر: مانیفێستی ساختە قبووڵ ناکرێت
عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، بۆ رادیۆی رووداو روونیکردەوە کە ئەو مانیفێستەی لای زۆربەی هاونیشتمانییانە تەنیا "پارچە کاخەزێکی سادەیە" کە لە بازاڕدا بۆ چەواشەکردن دروستکراوە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.
گوتەبێژی هاتووچۆ گوتی: "ئەو ماتۆڕانەی بە پارچە دەهێنرێن و لێرە کۆ دەکرێنەوە، ناتوانرێت ژمارەیان بۆ بکرێت و دەستیان بەسەردا دەگیرێت. تەنیا ئەو ماتۆڕسکیلانە رێگەیان پێدەدرێت کە خاوەنی پسووڵەی فەرمی و وەسڵی گومرگین و لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە داخڵ بوون."


