رووداو - رادیۆ
هاونیشتمانییانی گەڕەکی گردجووتیار لە هەولێر دەڵێن، تیمی فەرمانگەی کارەبا بە پاساوی نەبوونی پێوەر، کارەبای چەندین ماڵیان بڕیوە. کارەبای هەولێریش دەڵێت: "ئەوانەی کارەبایان بڕدراوە یان سەرپێچییان هەیە یان مامەڵەکانیان تەواو نەکردووە."
یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکی گردجووتیار بە ناوی (ع. م) بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، 3 رۆژە کارەبای لێ بڕدراوە و بەهۆی هەبوونی منداڵی ساوا و نەخۆش لە ماڵەکەیدا، لە دۆخێکی سەختدان. ئەو هاونشتیمانییە دەڵێت: "بە ئێمە دەڵێن بۆچی پێوەرتان نییە؟ لە کاتێکدا ئێمە داواکاریمان پێشکەش کردووە، بەڵام خۆیان مامەڵەی بەستنی پێوەریان راگرتووە و نوێیەکەشمان بۆ نابەستن."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەشکرد، کە تەنیا ئەو نییە و لە کۆڵانەکەی ئەواندا 3 بۆ 4 ماڵی دیکەش هەمان کێشەیان هەیە و تیمەکانی کارەبا بەردەوامن لە بڕینی کارەبای ئەو ماڵانەی پێوەریان نییە.
کارەبای هەولێر: پڕۆسەی بەستنی پێوەر نەوەستاوە
لە بەرامبەر ئەم سکاڵایانەدا، بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، پڕۆسەی بەستنی پێوەری کارەبا بەردەوامە و رانەگیراوە. ئەو بەرپرسە گوتی: "پێوەردانان ئاساییە و پڕۆژە بە پڕۆژە پێوەر دادەنرێت؛ بڕینی کارەبای ئەو ماڵانەش لە دەسەڵاتی پڕۆژەی رووناکیدایە و ئەوان وردەکارییەکەی دەزانن."
لای خۆیانەوە، بەرپرسانی پڕۆژەی رووناکی رەتیدەکەنەوە کە بڕینی کارەبای ماڵان بەهۆی نەبوونی پێوەرەوە تەنیا بڕیاری ئەوان بێت. پڕۆژەی رووناکی رایگەیاندووە کە کاری بڕینی کارەبا بەهۆی نەبەستنی پێوەر، راستەوخۆ پەیوەندی بە فەرمانگەکانی کارەبا و وەزارەتی کارەباوە هەیە و ئەوان تەنیا لایەنی جێبەجێکارن.



