رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو بڕیاری دا، لەمەودوا هەفتانە دوو رۆژ پشوو بۆ رۆژنامەڤانان و کارمەندانی دابین بکات. نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت: "دەستخۆشی لە هەنگاوەکەی رووداو دەکەین."
تۆڕی میدیایی رووداو لە هەنگاوێکی پێشەنگ و ستراتیژیدا لەسەر ئاستی میدیای کوردستان، لە ئەمڕۆ سێشەممە 1ی ئەیلوولی 2026ەوە سیستمی کارکردنی خۆی گۆڕی و پشووی فەرمیی هەفتانەی بۆ سەرجەم کارمەندانی لە یەک رۆژەوە بۆ دوو رۆژ زیاد کرد.
حاکم ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەستخۆشی لەو هەنگاوەی تۆڕی میدیایی رووداو دەکەم، کە تایبەتە بە مۆڵەت و پشووی زیاتر بۆ رۆژنامەنووسەکانی. زۆریش دڵخۆشم لە پەیامی رووداودا باسی ئەوە کراوە کە نزیکبوونەوەیە لە ستانداردی جیهانیی گرێبەست".
نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان ئاماژەی بە یاسای رۆژنامەگەری و مافی رۆژنامەنووسان کرد و گوتی: "لە مادەی حەوتەمی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007، بڕگەکانی شەشەم، حەوتەم، هەشتەم، نۆیەم و دەیەم باس لە ماف، مۆڵەت یان پێداویستییەکان دەکەن کە دەبێت لە گرێبەستەکەدا چی ستانداردێک هەبێت؛ لەنێوان رۆژنامەنووسان و رووداویشدا گرێبەستێکی هاوشێوە بۆ مافەکانیان هەیە. داوا لە هەموو کەناڵەکانی کوردستان دەکەم لە گرێبەستەکانیان پاشەکشە نەکەن."
حاکم ئازاد حەمەئەمین گوتیشی: "نزیکەی دوو ساڵە پاشگەزبوونەوە لە گرێبەستەکانی دەزگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان هەیە، بەتایبەتی ئەو خاڵەی یاسای ژمارە 35 کە تایبەتە بەوەی دەبێت گرێبەستەکان لەلایەن سەندیکای رۆژنامەنووسانەوە پەسند بکرێن. ئەو بڕگەیە دانراوە بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە گرێبەستی ستاندارد."
بڕیارەکەی تۆڕی میدیایی رووداو هاوکاتە لەگەڵ داڕشتنەوەی ناسنامەیەکی نوێ بۆ پەخشی کۆتایی هەفتە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کوالیتیی کار، رەخساندنی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ داهێنان و گرنگیدان بە ئاسوودەیی و ژیانی کۆمەڵایەتیی هاوکاران و ستافی رووداو.



.jpg&w=3840&q=75)