رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی چڕدا بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی شارەکە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مەتر دووجا قیڕتاو کراوەتەوە. دەشڵێت، کۆمپانیا و بەڵێندەرانی کەرتی تایبەت لەم پڕۆژەیەدا هاوکاریان بوون.
ئەنجوومەن عەلی، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی، سێشەممە، 1-9-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە نێوەڕاستی مانگی نیسانەوە هەڵمەتێکی چڕمان بۆ قیڕکردنی شەقامەکانی سلێمانی دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مەتر دووجا لە شەقامە گشتییەکان قیڕ کراونەتەوە."
گوتەبێژی شارەوانی ئاماژەی بەوە کرد، هەڵمەتەکە بە دوو ئاراستە بەڕێوە دەچێت؛ بەشێکی لە رێگەی بەشی ئامێرەکانی شارەوانیی سلێمانییە، بەشەکەی دیکەشی لەلایەن بەڵێندەران و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە دەکرێت.
ئەنجوومەن عەلی باسی لە گرنگیی ئەم هاوئاهەنگییە کرد و گوتی: "بەشێکی شەقامەکان قەرەباڵخیی زۆریان لەسەر بوو و پێویستیان بە چاککردنی دەستبەجێ هەبوو، بۆیە داوامان لە کۆمپانیا و بەڵێندەرەکان کرد و ئەوانیش هاوکارمان بوون."
سەبارەت بە وادەی کۆتاییهاتنی ئەم پڕۆژەیە، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی روونی کردەوە، کە هەڵمەتەکە تاوەکو مانگی 12ـی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت و هەوڵ دەدەن گەڕەکەکانی شارەکەش بگرێتەوە. بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، لە وەرزی زستاندا تەنیا ئەو چاڵانە چاک دەکەن کە بەهۆی بارانبارینەوە دروست دەبن.



.jpg&w=3840&q=75)