رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی نوێی خوێندن، هاونیشتمانییان گلەیی لە گرانبوونی "بەرچاوی" نرخی جلوبەرگی قوتابخانەکان و نزمیی کوالێتییەکەی دەکەن. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستانیش هۆشداری دەداتە فرۆشیاران و داوا لە دایکان و باوکان دەکات هەر جۆرە قۆرخکارییەک هەبوو، لیژنەکانیان ئاگادار بکەنەوە.
چەند هاونیشتمانییەک بە رووداویان راگەیاند: "لە بازاڕەکاندا نرخی جلوبەرگی قوتابی زۆر بەرز کراوەتەوە، هەروەها کواڵیتیی خراپ بە نرخی کواڵیتیی بەرز دەفرۆشرێت و کەسیش نییە چاودێرییان بکات."
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 1ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هەر جێگەیەک هاووڵاتییان زانییان نرخی جلوبەرگی قوتابخانەکان بەرزە و جیاوازە لە نرخی خۆی، لیژنەکانیان ئاگادار بکەنەوە، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ خاوەنی دووکانەکە دەکەن.
هاونیشتمانییەک دەڵێت، پێش مانگێک جلوبەرگی قوتابخانەی بۆ پۆلە بنەڕەتییەکان بە 10 هەزار دینار بووە، دوێنێ لە هەمان شوێن مامەڵەی کردووە، گەیشتووەتە 40 هەزار دینار.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی: "بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخ، پێویست بە هاوکاریی هەموو لایەک هەیە. ئێمە لیژنەکانمان رادەسپێرین کە سەرنج بخەنە سەر ئەو شوێنانە و لە هەر شوێنێک زانرا نرخەکان زیاد لە پێویست بەرزبوونەتەوە، پاش دڵنیابوون و بەراوردکردنی نرخی کڕین و فرۆشتن، رێکاری یاسایی خۆیان دەگرنەبەر و رێگە بە قۆرخکاری نادەن".
نەوزاد شێخ کامیل، داوای لە دایکان و باوکان کرد، لەو جێگەیانە جلوبەرگی قوتابخانە بۆ منداڵەکانیان نەکڕن کە دەزانن نرخەکەی زۆر بەرزە و لیژنەکانی ئەوان ئاگادار بکەنەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

