رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو سبەی سێشەممە لە هەولێر کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.
رۆژی دووشەممە، 31ی ئابی 2026 د. موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کۆبوونەوەیە بڕیاربوو سبەی بکرێت، بەڵام دواخراوە."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتی، "کۆبوونەوەکە کۆتایی ئەم هەفتەیە، یان هەفتەی داهاتوو دەکرێت."
بڕیاربوو کۆبوونەوەکە لەسەر بودجەی 2027 بێت و وەزیرەکانی دارایی، پلاندانان، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوەیە بەشدار بن.
موسەننا ئەمین باسی لەوە کرد کە شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی پێی راگەیاندوون، کۆبوونەوەکە بەهۆی "هەندێک سەرنج و تێبینی" یەکێک لە لایەنەکان دواخراوە.
بۆ یەکەمجار لە عێراق، شێوازی بودجەی بەرنامە و ئەنجام پەیڕەو دەکرێ، کە خەرجییەکان بەگوێرەی سێکتەر جیا دەکاتەوە، نەوەک وەزارەتەکان. هەر سێکتەرێک خەرجی بۆ تەرخان دەکرێ و وابەستەی ئەنجامەکانی دەکرێ، کە دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێ.
بەگوێرەی حکومەتی عێراق، بڕیارە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتییەکە رەوانەی پەرلەمان بکرێ.
.jpg&w=3840&q=75)


