رووداو دیجیاتاڵ
لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بڕوانامەی کۆتاییهێنان بە خولی 14ی وانەگوتنەوە (پێداگۆجی) بەخشرایە 74 بەشداربوو کە هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆران.
رۆژی دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی لە راگەیێنداوێکدا بڵاویکردەوە، بە ئامادەبوونی د. ئیدریس محەممەد تاهیر، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و د. ژاڵە سەعید خەتات، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، رێوڕەسمی دابەشکردنی بڕوانامە بەسەر دەرچووانی خولی 14ی پێداگۆجی بەڕێوەچوو.
لە راگەیێندراوەکدا هاتووە، د. ئیدریس محەممەد تاهیر، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، زانکۆکەیان خولێکی دیکەی پێداگۆجیی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا کۆتایی پێهێنا، کە ئامادەیان دەکات بۆ ئەوەی ببنە مامۆستایەکی کارا لە زانکۆکاندا. روونیشیکردەوە، تەواوکردنی ئەم خولە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە بەبێ بەدەستهێنانی بڕوانامەی پێداگۆجی، هەڵگرانی ماستەر و دکتۆرا ناتوانن ببنە مامۆستای زانکۆ.
هەر لە رێوڕەسمەکەدا، د. ژاڵە سەعید خەتات، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان بە ناوی وەزیری خوێندنی باڵاوە پیرۆزبایی لە دەرچووان کرد و رایگەیاند، ئەرکی بەشداربووان بە کۆتاییهاتنی ئەم خولە تەواو نابێت، بەڵکو پێویستە بەردەوام بن لە فێربوونی شێوازە نوێیەکانی وانەوتنەوە. گوتیشی بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکان، پێویستە مامۆستایان ئاشنای پەرەپێدانی ئەکادیمی و رۆڵی ژیریی دەستکرد بن لە پرۆسەی خوێندندا.
لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا، بڕوانامەی رێزلێنان بەخشرایە مامۆستایانی خولەکە و دواتر بڕوانامەی دەرچوون دابەشکرا بەسەر 74 بەشداربووی خولەکەدا کە بۆ ماوەی شەش مانگ خولەکەیان خوێندبوو.
خولی پێداگۆجی چییە؟
ئەم خولە راهێنانی ئەکادیمی و پیشەیییە، کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە رێکدەخرێت، بە ئامانجی پێگەیاندن و ئامادەکردنی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) بۆ پیشەی وانەگوتنەوە لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا. ئەم خولە مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی زانستی و رێگەپێدانی فەرمی بۆ وانەگوتنەوە.




.webp&w=3840&q=75)