رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی ئایینی لە هەولێر لە رێگەی ڤیدیۆیەکەوە داوای بەردبارانکردنی ئاوات حوسامەدین، کەسایەتیی دیاری زەردەشتییەکان دەکات. ئاوات زەردەشتی دەڵێ، قسەکانی لە ڤیدیۆیەکدا دەستکاری کراون و ئێستا بەهۆی "فتوای کوشتنەکەیەوە" ژیانی لە مەترسیدایە.
کێشەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە لە 21ی ئابی ئەم ساڵدا مەلا عومەر دارەتوو لە پەیجی فەرمیی خۆی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاوات حوسامەدینی بە "کافر و مونافیق" ناوبرد و داوای لە خەڵک کرد، "لە هەر شوێنێک بینیتان، بەردێکی لە نێوچاوی بدەن."
ئەم هێرشەی مەلا عومەر دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئاوات زەردەشتی هات، تێیدا وا دەردەکەوت باسی "ئاساییبوونی هاوسەرگیریی کەسوکاری نزیک" دەکات.
ئاوات حوسامەدین لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رووبەڕووی مەلا عومەر بووەوە و گوتی، "ڤیدیۆکەی من دەستکاری کراوە و سەرەتا و کۆتایی قسەکانم بڕدراون تاوەکو ماناکەی پێچەوانە بکرێتەوە؛ ئێمەی زەردەشتی پێمانوایە تاوەکو 5 پشت، هاوسەرگیری لەگەڵ کەسوکاری نزیک باش نییە."
ئاوات حوسامەدین ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەو هەڕەشانەوە ناتوانێت بگەڕێتەوە هەولێر و تەنانەت لە سلێمانییش هەست بە ئارامی ناکات. ئەو دەڵێت، "مەلا عومەر فتوای کوشتنی منی داوە و زیاتر لە 1000 کەس لە کۆمێنتدا ئامادەیی خۆیان بۆ کوشتنی من دەربڕیوە."
مەلا عومەر: پەشیمان نیم
لە لایەکی دیکەوە، مەلا عومەر دارەتوو لە بەرنامەی (بەرپرسیار) بەرگریی لە گوتەکانی کرد و گوتی، "ئەوەی گوتوومە فتوا نییە، بەڵکو داوای رەجمکردنیەتی وەک شەیتان، چونکە سووکایەتیی بە کورد کردووە." جەختی لەوەش کردەوە، بە هیچ شێوەیەک پەشیمان نییە، مەگەر ئاوات حوسامەدین داوای لێبووردن بکات.
هەڵوێستی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە رێگەی ئەمیر عوسمان، بەڕێوەبەری پێکهاتەکان رایگەیاند، تەشهیرکردن بەرامبەر پێکهاتەکان قبووڵکراو نییە و رێگە نادەن کەشوهەوای ئازادیی ئایینی تێکبدرێت.
هاوکات د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی جەختی کردەوە، هەر جۆرە گوتارێکی رقەبەری رەتدەکەنەوە، "فتوا تەنیا ئەرکی ئەنجوومەنی باڵای فتوایە و هەڵە بە هەڵە چارەسەر ناکرێت."
د. حەسەن پشدەری، بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای فتواش بۆ رووداو رایگەیاند، کاری مەلا نییە فتوا بدات و ئەوەی کراوە "هەڵوێستی کەسییە" نەک فتوا.
ئێستا دۆسیەکە لە دادگەیە، ئاوات زەردەشتی سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە و داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە پارێزگاریی لێ بکەن.


.webp&w=3840&q=75)