رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایدەگەیێنێت، رۆژانە لە 16 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت و دەڵێت: "بڕی بەنزینە پاڵپشتیکراوەکە کەمی نەکردووە، بەڵکو ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی دابەشی دەکەن زیادی کردووە."
رۆژی دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، سەلام عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری رۆژانە لە کاژێر 06:00ی بەیانی تاوەکو 02:00ی پاشنیوەڕۆ بەردەوام دەبێت. بڕی بەنزینە پاڵپشتیکراوەکە کەمی نەکردووە، بەڵکو ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی دابەشی دەکەن زیادی کردووە."
سەبارەت بە بڕی دابینکراو بۆ هەر بەنزینخانەیەک، سەلام عومەر ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا لە سەنتەری شار 16 بەنزینخانە هەن و بەهۆی زۆریی ژمارەی بەنزینخانەکان لەنێو شار و دەرەوەی شار، بۆ هەر یەکێکیان یەک تەنکەر بەنزین (30 هەزار لیتر) تەرخان دەکرێت. گوتیشی: "ئەگەر رۆژانە ئەو تەنکەرە تەواو بێت، ناتوانین دووبارە بۆیان دابین بکەینەوە، چونکە توانای حکومەت سنووردارە."
گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی باسی لەوەشکرد، ئەو بەنزینەی حکومەت دەینێرێت لە جۆری 'نۆرماڵ'ـە و بەپێی یاساکانی عێراق پشکنینی بۆ دەکرێت، دوای دەرچوونی لە پشکنین ئینجا دابەش دەکرێت. گوتیشی: "هەندێک ئۆتۆمبێل بەنزینی نۆرماڵیان بۆ نابێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر جۆری ئۆتۆمبێلەکە خۆی، نەک کواڵێتی بەنزین".
ئێستا رۆژانە لە 35-38 بەنزیخانەی شاری هەولێر، 16 بەنزینخانەی شاری سلێمانی، 25 بەنزینخانەی دهۆک و 2 و بەنزینخانەی هەڵەبجە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت.



