رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی دادوەر، سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکاران و پیشەوەران بە تۆمەتی رێگریکردن لە کارکردنی ژمارەیەک شۆفێر بۆ ماوەی 15 رۆژ راگیرا. پۆلیسی گەرمیانیش رایدەگەیێنێت کە سکاڵاکە لەسەر بنەمای مادەی 329ی یاسای سزادان بووە.
عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عەدنان محەممەد، سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکاران و پیشەوەران، لەسەر سکاڵای ژمارەیەک شۆفێر راگیراوە کە بە گوتەی خۆیان، لەلایەن ئەوەوە رێگرییان لێکراوە بۆ گواستنەوەی هاونیشتمانیان لەنێوان گەرمیان و شارەزووردا."
بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو بەپێی مادەی 329 لە یاسای سزادانی عێراقی (هەموارکراو) سکاڵاکەی لەسەر جووڵێنراوە؛ ئەو مادەیە تایبەتە بەو کەسانەی رێگری لە جێبەجێکردنی بڕیار و رێکارەکانی حکومەت یان دادگە دەکەن. دادوەر فەرمانی راگرتنی بۆ ماوەی 15 رۆژ بۆ دەرکردووە تاوەکو لێکۆڵینەوەی زیاتر لە دۆسیەکەدا بکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رووداوی گوت، راگرتنی ئەمجارەی سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکاران پەیوەندیی بە دۆسیەکەی پێشترییەوە نییە، کە لە 7ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەری گواستنەوەی گەرمیان راگیرابوو و دواتر بە کەفالەت ئازادکرا؛ بەڵکو ئەمە کەیسێکی نوێیە و شۆفێرانی هێڵی دەرەوەی شار سکاڵاکارن.



.webp&w=3840&q=75)