رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە ساڵی داهاتووەوە سەرجەم ئەو پاس و تەکسییانەی قوتابییان دەگوازنەوە، ناچار دەکرێن کامێرای چاودێری و سیستمی GPS دابنێن.
ژمارەیەک لە هاونیشتمانییانی سلێمانی بە رووداویان راگەیاند، چەندین جار داوایان لە پەروەردە و قوتابخانەکان کردووە چاودێریی وردی پاسەکان بکەن، تاوەکو زیاتر ئاگاداری هاتووچۆی منداڵەکانیان بن. ئەوان دەڵێن، "لەناو هەندێک پاسدا گێچەڵ بە منداڵەکانمان کراوە و هەندێک لە شۆفێرەکانیش هەڵسوکەوتی نەشیاو بەرامبەر قوتابییان دەکەن، یان بە ئەنقەست رێگەی دوور بەکاردەهێنن تاوەکو قوتابییان کاتێکی زۆرتر لەناو پاسەکاندا بمێننەوە."
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 31-08-2026 بە رووداوی راگەیاند، لە ساڵی رابردووەوە بەرنامەیەکی تایبەتیان بۆ رێکخستنەوەی گواستنەوەی قوتابیان داناوە، "بەشی زۆری کارەکانمان تەواو کردووە؛ ئەم پڕۆسەیە بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوە و ئاسایشی سلێمانی جێبەجێ دەکرێت و پێشبینی دەکەین لە ساڵی نوێدا تەواو ببێت."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە ئەو ئۆتۆمبێلانە سەر بە کەرتی تایبەتن، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو هیچ پاس و تەکسییەک رێگەی پێنادرێت قوتابیان بگوازێتەوە ئەگەر کامێرای چاودێری و سیستمی شوێندۆز (GPS)ی تێدا جێگیر نەکرابێت.



.webp&w=3840&q=75)