رووداو دیجیتاڵ
پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە قەزای سەیدسادق بەهۆی کەمیی زەویی ئیفرازکراوەوە رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە. سەرۆکی شارەوانیی قەزاکەش رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 5000 فەرمانبەر فۆرمیان پڕ کردووەتەوە، بەڵام ئەوان تەنیا 600 پارچە زەویی ئامادەکراویان لەبەردەستە.
کۆچەر حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی سەیدسادق بە رادیۆیی رووداوی راگەیاند، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لە سنووری ئەواندا ناویان گەڕاوەتەوە دەگاتە 5300 کەس، بەڵام وەک ئەو دەڵێت، "بۆ ئەم ژمارە زۆرە، تەنیا 600 پارچە زەویی ئامادەمان هەبوو بۆ دابەشکردن."
سەبارەت بەوەی تاوەکو ئێستا چەند زەوی دابەشکراوە، کۆچەر حەسەن رایگەیاند، پڕۆسەکە بە قۆناخ دەستی پێکردووە و گوتی، "لە کۆی ئەو 600 پارچەیە، 250 پارچەمان دابەش کردووە؛ لیستی 250 پارچەی دیکەشمان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کردووە بۆ وردبینی و ئەگەر کێشەیان نەبێت، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنیان دەکەین."
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بەردەم دابینکردنی زەوی لە سەیدسادق، دەورەدانی قەزاکەیە بە زەوییە کشتوکاڵییەکان. شارەوانی بۆ چارەسەری ئەم گرفتە، داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ کردووە لە دوو شوێنی جیاواز زەوییان بۆ دابین بکەن.
سەرۆکی شارەوانیی سەیدسادق ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دوو ناوچەیەی بۆ فراوانکردنی شارەکە و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون دیاری کراون، دەکەونە "رۆژهەڵات و رۆژئاوای سەیدسادق." جەختیشی کردەوە کە بەهۆی ئەوەی ئەو زەوییانە کشتوکاڵین، پڕۆسەی کوژاندنەوە و گۆڕینی رەگەزەکەیان کاتی زیاتری دەوێت تاوەکو بۆ دابەشکردن ئامادە دەکرێن.



.webp&w=3840&q=75)