رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گوندی تەڵەخێمی گەورە لە سنووری ناحیەی گوێڕ دەڵێن، ماوەی 6 رۆژە بێئاون و کارەکانی لێدانی بیرێکی نوێش لە گوندەکەیان راگیراوە. بەڕێوەبەری ناحیەکەش رەتیدەکاتەوە گوندەکە کێشەی ئاوی خواردنەوەی هەبێت و دەڵێت، "رەنگە ئاوەکەیان بۆ کشتوکاڵ بێت."
فەرحۆ عومەر، هاونیشتمانییەکی تەمەن 74 ساڵ و دانیشتووی گوندی تەڵەخێمی گەورە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، نزیکەی 30 ماڵ لە گوندەکەیان دەژین کە زۆربەیان ئاژەڵدارن، بەڵام ئێستا بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن. ئەو دەڵێت، "5 بۆ 6 رۆژە ئاومان نییە؛ بیرە کۆنەکەمان وشکی کردووە و بیرێکی نوێش کە ئیدارەی مووسڵ بۆی لێدابووین، کارەکانیان راگرتووە."
ئەو هاونیشتمانییە باس لە بوونی "جیاکاری" لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان دەکات و دەڵێت، "لە گوندە عەرەبنشینەکانی دەوروبەرمان، وەک سێچاڵە، ئاو گەیشتووەتە بەردەم ماڵەکانیان، کەچی ئێمە لێرە کەس ئاوڕمان لێ ناداتەوە."
مەسعوود نووری، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، کە زانیارییەکانی دانیشتووانی گوندەکە ورد نین و گوتی: "گوندی تەڵەخێم کێشەی ئاوی خواردنەوەی نییە و دوو بیری تێدایە؛ ئەو بیرەشی کە کارەکانی راگیراوە، لە بنەڕەتدا بۆ گوندەکانی دیکە بووە و چونکە پڕۆژەی ئاوی بۆڕییان بۆ براوە، چیدی پێویستمان بەو بیرە نەما."
بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ دەڵێت، بەپێی یاسا رێگە نادرێت ئاوی بیرە حکومییەکان بۆ مەبەستی کشتوکاڵ بەکاربهێندرێت و گوتی: "لەو گوندە تەنیا 20 بۆ 25 ماڵ هەن و ئاوی پێویستیان هەیە، ئێمەش پلانمان هەیە ئەو بیرە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لەو سنوورە تەرخان بکەین."
.webp&w=3840&q=75)


