رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لەو پێشمەرگانەی ساڵی رابردوو مامەڵەی دامەزراندنیان لە فەرماندەیی زێرەڤانی تەواو کردووە، تاوەکو ئێستا فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەرنەچووە. سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی زێرەڤانییش رایدەگەیێنێت، دامەزراندنەکە بەستراوەتەوە بە یەکلاکردنەوەی بودجە و میلاک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.
ژمارەیەک هاونیشتمانی کە وەک پێشمەرگە مامەڵەیان کردووە، بە رادیۆی رووداویان راگەیاند، "ئێمە نزیکەی 1500 کەس بووین کە بڕیار بوو لەسەر میلاکی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی دابمەزرێین؛ لەو ژمارەیە فەرمانی 1000 کەسمان گەڕایەوە و دەستبەکار بوون، بەڵام نزیکەی 500 کەسمان ماوینەتەوە و تاوەکو ئێستا دەستبەکار نەبووین."
ئەو پێشمەرگانە جەخت دەکەنەوە، سەرجەم رێکارە کارگێڕییەکانیان جێبەجێ کردووە و پڕۆسەی بایۆمەتریشیان تەواو کردووە، بەڵام ئێستا فەرمانەکانیان پەکیکەوتووە و داوا دەکەن چارەنووسیان یەکلایی بکرێتەوە.
بۆچی دامەزراندنەکە دواکەوت؟
بەگوێرەی زانیارییەکانی رادیۆی رووداو، پڕۆسەی ناونووسین و بایۆمەتریی ئەو پێشمەرگانە لە کۆتایی ساڵی 2024ـدا کراوە، بەڵام چونکە دەرچوونی فەرمانی دامەزراندنی ئەو 500 کەسە کەوتووەتە ساڵی 2025، بەر بڕیاری گشتیی راگرتنی دامەزراندن کەوتوون.
سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بە رادیۆی رووداوی گوت، "لە ساڵی 2025دا، بەهۆی ئەو گوشارانەی حکومەتی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستانی دروست کردووە و هەموو بابەتەکانی دامەزراندنی بە مووچە و بودجەوە بەستووەتەوە، دامەزراندن و گرێبەستی نوێ لە تەواوی هەرێمی کوردستان راگیراوە."
سەرچاوەکەی فەرماندەیی زێرەڤانی ئاماژەی بەوە کرد، کە چارەنووسی ئەم پێشمەرگانە و سەرجەم ئەو کەسانەی دیکەش کە چاوەڕێی دامەزراندنن، بەستراوەتەوە بە جێگیرکردنی میلاک لە بودجەی گشتیی عێراقدا.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، ئەم راگرتنە تەنیا پێشمەرگە ناگرێتەوە، بەڵکو لە سێکتەرەکانی تەندروستی و پەروەردەش دامەزراندن وەستاوە، تاوەکو ئەو کاتەی میلاکی نوێ لە بەغدا جێگیر دەکرێت و رێگە بە دەستبەکاربوونیان دەدرێت.



