رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بڕیاری دا جەواد فەیزوڵڵا، قایمقامی قەزای خانەقین بانگهێشتی دانیشتنێکی ئەنجوومەنەکە بکات. سەرۆکی فراکسیۆنی تەقەدووم لە ئەنجوومەنەکە دەڵێ، قایمقامی خانەقین لەسەر قسەکانی لەبارەی هاتنی عەرەب بۆ قەزاکە میوانداری دەکرێت.
نزار لهێبی، سەرۆکی فراکسیۆنی تەقەدووم لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، رۆژی دووشەممە 31ی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بڕیاری داوە رۆژی چوارشەممە میوانداریی قایمقامی قەزای خانەقین بکات."
لهێبی هۆکاری میواندارییەکەی روونکردەوە و رایگەیاند، "لە چەند رۆژی رابردوودا قایمقامی خانەقین لێدوانی داوە لەبارەی رێگری لە هاتنی عەرەب بۆ قەزاکە، بۆیە ئەنجوومەنەکە میوانداریی دەکات تاوەکو روونکردنەوەی پێویست لەسەر ئەو قسانە بدات."
سەرۆکی فراکسیۆنی تەقەدووم رەتیکردەوە بابەتەکە پەیوەندیی بە ئەگەری خۆپێشاندان لە خانەقین هەبێت و گوتی، "دانیشتنەکە تەنیا بۆ ئەوەیە قایمقام روونکردنەوەی پێویست بدات، بزانین مەبەست لەو قسانە چییە و دۆخی خانەقینی لەگەڵ تاوتوێ دەکەین."
قەزای خانەقین یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و دەکەوێتە سنووری پارێزگای دیالە.
ئەوس مەهداوی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوە تەنیا میوانداریکردنە نەک لێپرسینەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا کارێکی ئاساییە."
بە گوتەی نوێنەرەکەی یەکێتی، "لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کۆمەڵێک پرسی خزمەتگوزاریی خانەقین و چەند پرسێکی دیکە دەکرێت." ئەویش رەتیکردەوە کە پەیوەندیی بە پرسی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان و گردبوونەوەوە لە قەزاکەدا هەبێت.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە واژۆی د. عومەر مەعن ساڵح کرویی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەی لەسەرە و تۆڕی میدیایی رووداو کۆپییەکی دەستکەوتووە، بڕیار دراوە رۆژی چوارشەممە، 2ی ئەیلوولی 2026، کاژێر 11:00ی بەیانی، دانیشتنێکی تایبەت بۆ میوانداریکردنی قایمقامی خانەقین رێکبخرێت.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "میوانداریکردنەکە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی قەزای خانەقین و ئەو بابەتانەیە کە لەم دواییانەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە."
بڕیارەکەی ئەنجوومەن لەسەر بنەمای یاداشتێکی فەرمی بووە کە ساجد عەبدولئەمیر سەعب، سەرۆکی لیژنەی دەروازە سنوورییەکان و گەشەپێدان، پێشکێشی کردووە و 6 ئەندامی ئەنجوومەن پشتگیرییان لێکردووە. لە یاداشتەکەدا داوا کراوە بە وردی باس لە دۆخی ئەمنی، خزمەتگوزاری و ئەو ئاڵۆزییە سیاسییانە بکرێت کە لە خانەقین سەریانهەڵداوە.
.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)
