رووداو دیجیتاڵ
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست رایگەیاند، ماوەی حەوت مانگە بەهۆی پڕ نەکردنەوەی فۆرمی 'هەژماری من' مووچەی وەرنەگرتووە. داوا دەکات ئەو مووچانەی بدرێتە منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە.
رۆژی دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستانی کردووە دەڵێ:"باوەڕی منە (مووچە لە بەرامبەر ئەرک و کاردایە)، بەهۆی پەکخستنی پەرلەمان من بە ئەرکی خۆم جێبەجێ نەکردووە."
عەلی حەمەساڵح بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "حەوت مانگە سەرەڕای ئەوەی (مووچە) لە بەغداوە هاتووە، من مووچەم وەرنەگرتووە بە بیانووی رەتکردنەوەی (هەژماری من). داوا دەکەم کۆی ئەم مووچەنە بدرێتە دەرزی و دەرمان بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە."
ئەمڕۆ دوایین وادەبوو بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من. عەلی حەمەساڵح لەو بارەیەوە گوتی:"پڕی ناکەمەوە" داواشدەکات بە یەکجاری مووچەکەی رابگیرێت، چونکە ئەرکی پەرلەمانی جێبەجێ نەکردووە.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە لە 23-06-2026 بڵاوکراوەتەوە و واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەسەرە، لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا بڕیار لەبارەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران دراوە.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی داراییدا هۆشداریی تووند دراوە و هاتووە: "بەپێی بڕیاری حکومەتی فیدراڵ، هەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێک تاوەکو 31-08-2026 ناوی تۆمارنەکرابێت و کارتی بانکی وەرنەگرتبێتەوە، شایستە داراییەکانی لەلایەن بەغداوە رادەگیرێت و رەوانەی هەرێمی کوردستان ناکرێت."
پڕۆژەی (هەژماری من) لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندرا بۆ مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیری دارایی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.



.webp&w=3840&q=75)
