رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، 19ی ئەیلوول یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن دەبێت لە زانکۆکەیان. هەروەها بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر دەڵێت، 13ی ئەیلوول یەکەم رۆژی دەستپێکی خوێندنی ساڵی نوێیان دەبێت.
راگەیێندراوەکەی زانکۆی سلێمانی دووشەممە 31-08-2026 بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، "سەرجەم مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکاران ئاگادار دەکەینەوە، شەممە 19ی ئەیلوولی 2026 یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندنی (2026-2027) دەبێت لە تەواوی کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆدا."
زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامادەکارییە کارگێڕییەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام تەواو کردووە و خزمەتگوزارییەکانی بەشە ناوخۆییەکانیش دابینکراون.
هەروەها سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 13ی ئەیلوول دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەبێت لە زانکۆکەیان.
سامان عەبدوڵڵا دەڵێت، "لە 1ی ئەیلوولەوە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەشە نێوخۆییەکان دەکەنەوە و هەر خوێندکارێک پێویستی پێی بێت، دەتوانێت تاوەکو 10ی ئەیلوول مامەڵەی وەرگرتنی بەشە نێوخۆیی بکات."
لە نوێترین نووسراویاندا کە 30ی ئاب بڵاوکرایەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ساڵنامەی خوێندنی زانکۆ، کۆلێژ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی بۆ ساڵی خوێندنی 2026–2027 دیاریکرد، ژمارەیەک رێنماییشی بۆ رێکخستنی ماوەی خوێندن، پشوو و تاقیکردنەوەکان دەرکرد.
بەپێی نووسراوەکە، ساڵی خوێندنی 2026–2027 لە 1ی ئەیلوولی 2026 دەستپێدەکات و لە 30ی حوزەیرانی 2027 کۆتایی دێت.



