رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، گۆڕانکاریی دیموگرافی لە خانەقین "بە رۆژی رووناک" بەردەوامە، ئەوەش بە "پێشێلکردنێکی ئاشکرای دەستوور" ناودەبات. دەشڵێت، بەعەرەبکردن لە رێگەی کڕینی زەوی و باخەوە بەردەوامە و پشکی ئەو کێشانەش بەر نێوماڵی کورد دەکەوێت.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، بارودۆخی خانەقین خراپە و پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و نوێنەرانیان لە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان جیدی بن.
گۆڕینی دیمۆگرافیا و جیابوونەوەی ناحیەکان
بە گوتەی فەهمی بورهان، یەکێک لەو رێگەیانەی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە بەکاردێت، جیاکردنەوەی ناحیەکانە لە قەزای خانەقین و کردنیانە بە قەزا، کە وایکردووە گۆڕانکارییەکان وردە وردە لە ناوەندی شارەکە نزیک ببنەوە. گوتیشی، "ئەم ئاڵوگۆڕە پێمان دەڵێت پێشێلکردنێکی ئاشکرای دەستوور دەکرێت؛ سەیرە کورد بەرگری لە دەستوور دەکات، بەڵام لەسەر ئەم بابەتە رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە."
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵە مەدەنییەکان لە خانەقین تەنیا بۆ پاراستنی ناسنامەی شارەکەیە، بەڵام رووبەڕووی "پەرچەکرداری تووند" دەبنەوە. باسی لەوەش کرد، رێگری لەو هاووڵاتییانە دەکرێت دەیانەوێت زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی لە فەرمانگەکاندا بەکاربهێنن، ئەوەشی بە "ئاماژەیەکی مەترسیدار" وەسف کرد.
عەرەبی رەسەن و عەرەبی هاوردە
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتەکان، فەهمی بورهان جەختی کردەوە، "کێشەی کورد لەگەڵ برایانی عەرەبی رەسەنی شارەکە نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەو کەسانەیە لە دەرەوەی مادەی 140ی دەستوور دەهێندرێنە ناوچەکە." ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی دەستوور، هاووڵاتییەکی هەولێر یان سلێمانی بۆی نییە ناسنامەی بباتە خانەقین بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا، کەواتە "بۆچی رێگە بە خەڵکی دیکە دەدرێت؟"
"بەعەرەبکردنێکی رانەگەیێندراو"
فەهمی بورهان دەڵێت، "بەعەرەبکردنێکی رانەگەیێندراو" لە خانەقین هەیە، کە خۆی لە کڕینی زەوی و باخ و زیادکردنی گەڕەکی نوێ بۆ کەسانی بیانی دەبینێتەوە.
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکەی خستە ئەستۆی لایەنە کوردییەکان و گوتی، "هەموو گرفتەکە بەغدا نییە و ئێمەش پشکمان بەردەکەوێت؛ کاتێک کێشەی نێو ماڵی خۆت چارەسەر نەکرد، گرفتی قووڵتر دروست دەبێت." پێشنیازیشی کرد، چارەسەر لەم کاتەدا دروستکردنی "ئیدارەیەکی هاوبەشە" لەگەڵ حکومەتی عێراق لەو ناوچانەدا.


