رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بریندارێکی رووداوی هاتووچۆکەی کەسنەزان لە سنووری هەولێر لە نەخۆشخانەی زانکۆ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
نەخۆشخانەی (زانکۆی تایبەت) لە هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "15 خولەک لەمەوبەر یەکێکی دیکە لە بریندارانی رووداوی هاتووچۆکەی کەسنەزان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا."
نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەش کرد: "بریندارەکە پیاوێکە بە ناوی سالار فارووق؛ باوکی سێ منداڵە و پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە".
رووداوەکە 26ی ئاب لەنێوان بارهەڵگرێک و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی دیکە لە ناحیەی کەسنەزان روویدا؛ بەهۆیەوە کەسێک لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوای رووداوەکە پارێزگای هەولێر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە رێنمایی نوێی دەرکرد و رایگەیاند، دەبێت لەمەودوا پشکنینی ورد بۆ ئەو بارهەڵگرانە بکرێت کە دێنە هەولێرەوە.



