رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ رووداو، کارەبای (پڕۆژەی رووناکی) لە سلێمانی و هەڵەبجە 24 کاژێرییە و پێویست بە موەلیدە ناکات؛ هەروەها لە دهۆک تێکڕا رۆژانە کاژێرێک و چەند خولەکێک کارەبای نیشتمانی دەبڕدرێ. خراپترین دۆخی کارەباش لە هەولێرە کە گەڕەک هەیە رۆژانە حەوت کاژێر کارەبای دەبڕدرێ.
دۆخی کارەبا لە هەولێر و دهۆک
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سەنتەری هەولێر زۆرینەی گەڕەکەکان رۆژانە سێ تاوەکو حەوت کاژێر کارەبای نیشتمانییان دەبڕدرێ و موەلیدەکان کار پێدەکرێن".
لەبارەی کرێی موەلیدەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر گوتی: "بۆ پێدانی 170 کاژێر کارەبای موەلیدە، بۆ یەک ئەمپێر 10 هەزار دینار وەردەگرین. ئەگەر لە ماوەی 10 رۆژدا ئەو ماوەیە کارەبا درا، دووبارە پارە وەردەگرین. بڕەکەش بۆ دوو مانگە، تاوەکو دوو مانگ هیچ کارەبایەکی موەلیدەش کار نەکات، ئەو پارەیە نامێنێت و سفر دەبێتەوە."
خۆرانی ئاماژەی بەوەش کرد، لەو ناوچانەی دەوروبەری هەولێر کە کارەبایان نەچووەتە نێو (پڕۆژەی رووناکی)یەوە، رۆژانە 8 تاوەکو 12 کاژێر کارەبای موەلیدەیان پێدەدرێ.
بەراورد بە مانگی رابردوو دۆخی کارەبای نیشتمانی لە دهۆک باشتر بووە، بەڵام هێشتا بڕانی کارەبا و پێویستی بە موەلیدە لە شارەکەدا ماوە.
هەکار هرووری، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگشتی رۆژانە کاژێرێک و چەند خولەکێک کارکردنی موەلیدەمان هەبووە. لە 31 رۆژی ئەم مانگەدا تاوەکو ئێستا نزیکەی 35 کاژێر موەلیدەکان کارەبایان داوە بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانییەوە."
بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ پارەی ئەمپێر لە مانگی هەشتدا، بۆ یەک ئەمپێر نزیکەی چوار تاوەکو پێنج هەزار دینار وەردەگرن.
بەرپرسانی سلێمانی و هەڵەبجە: پێویستمان بە موەلیدە نەماوە
لە سلێمانی کارەبای موەلیدە پێویست نییە. ئەمە گوتەی عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی شارەکەیە بۆ رووداو.
عوسمان محەممەد ئەمڕۆ دووشەممە گوتی: "کارەبای رووناکی لە سلێمانی نابڕدرێ، مەگەر چەند خولەکێک کە نەگاتە 10 خولەک، ئەوەش پێویستی بە موەلیدە نییە".
عوسمان محەممەد کە هاوکات خۆیشی موەلیدەی هەیە گوتی: "لە 27ی مانگی حەوتەوە کە کارەبا چاک بووە، پێویست نەبووە تەنیا یەک خولەکیش موەلیدەکەم کار بکات".
هەروەها سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەبای ئێمە زۆر باشە و نابڕدرێ، بۆیە هیچ پێویست بە موەلیدەکان نەماوە".
29ی ئاب، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "وەرزی هاوین بۆ کارەبا سەختترین کات بوو، بەڵام تا ڕادەیەک باش بوو؛ هەندێک کێشەی شەڕ و کاریگەرییەکانی و وەستانی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر هەبوون و بوونە هۆکار [بۆ خراپیی دۆخی کارەبا]، بەڵام دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە چووەتەوە و هیچ کێشەیەکیشمان نابێت تاوەکو سووتەمەنیی گازمان لەبەردەستدا بێت".



