رووداو دیجیتاڵ
تیمی پرۆژەی رووناکی دەڵێ، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ سەرجەم پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دەخرێنە نێو پرۆژەی رووناکی و کارەبایان دەبێتە 24کاژێری.
رۆژی دووشەممە 31-8-2026 تیمی پرۆژەی رووناکی بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 49 پرۆژەی نیشتەجێبوون خراونەتە نێو پرۆژەی رووناکی و کارەبای نیشتمانیی 24 کاژێریان هەیە.
بە گوێرەی پرۆژەی رووناکی، لەو 49 پڕۆژە نیشتەجێبووانەی خراونەتە نێو پڕۆژەی رووناکییەوە 31 پرۆژەیان لە سنووری پارێزگای هەولێرن، 13 پڕۆژە لە دهۆک و پێنج پڕۆژەش لە سنووری پارێزگای سلێمانین.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 300 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون هەن، کە لە نزیکەی 250 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێن. تیمی پرۆژەی رووناکی رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ سەرجەم کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون دەخرێنە نێو پرۆژەی رووناکییەوە.
زۆربەی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون موەلیدەی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەشێک لە دانیشتووانەکانیان گلەیی دەکەن و دەڵێن، نرخی کارەبا لەو پرۆژانە زۆر بەرزە، بە جۆرێک لە هەندێک پرۆژە یەک کیلۆوات/کاژێر کارەبا دەگاتە زیاتر لە 400 دینار.
تیمی پڕۆژەی رووناکی رایگەیاند، وەبەرهێنەرانی کۆمەڵگەکان هیچیان رێگر نین کارەبای پرۆژەکانیان بخرێتە نێو پرۆژەی رووناکی و هەموویان داوایان کردووە.
سەبارەت بە پارەی کارەبای رووناکی لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، تیمی پرۆژەی رووناکی رایگەیاند، هاوبەشان هەمان نرخی کارەبای لەسەر جێبەجێ دەبێت بەپێی رێژەی بەکارهێنان و پۆلی هاوبەشان.



