رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی گشتیی نێوان کەلار و خانەقین، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیجۆ، 6 کەس بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران.
سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، لە نزیک گوندی سەوزبڵاخ، ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیجۆ وەرگەڕاوە. لە ئەنجامی رووداوەکەدا شۆفێرەکە و پێنج سەرنشینی ناو ئۆتۆمبێلەکە بریندار بوون."
بەپێی زانیارییەکانی هاتووچۆ، بریندارەکان کە لەدایکبووی ساڵانی 2000، 2001، 2003 و 2004ـەن، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار کراون.
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا باری تەندروستیی سەرجەم بریندارەکان جێگیرە. تیمەکانی هاتووچۆش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان بۆ زانینی هۆکاری وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە دەستیپێکردووە.



