رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی شارەوانی دەڵێ، فەرمانی دابەشکردنی زەوییان بۆ زیاتر لە 500 هەزار فەرمانبەر دەرکردووە، دڵنیاییش دەدات بەوانەی مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە کە زەوی وەردەگرن و مافیان نافەوتێت.
لە 27ی ئاداری 2024ـەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆراندا دەرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا زۆرینەی فەرمانبەران نەیانتوانیوە زەوی وەربگرن.
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە فەرمانی دابەشکردنی زیاتر لە 500 هەزار پارچە زەویمان گەڕاندووەتەوە بۆ شارەوانییەکان بۆ دابەشکردن."
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە ئاداری 2024ـەوە، زیاتر لە 130 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین زەوییان پێدراوە و ئەوانی دیکەش لە چاوەڕوانیدان.
لەبارەی دواکەوتنی دابەشکردنەکە، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی گوت: "ئێمە بەگوێرەی کارتی زانیاریی فەرمانبەران و خانەنشینان فەرمانی دابەشکردنی زەوییەکانمان ناردووەتەوە بۆ سنووری شارەوانیی خۆیان. دڵنیایی دەدەین هەموو ئەوانەی فەرمانیان بۆ دەرکراوە زەوی وەردەگرن، بەڵام کاتی دابەشکردنەکە بەگوێرەی رێکاری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی خۆیانە."
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 80 هەزار پارچە زەوی، لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 30 هەزار، لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 20 هەزار و لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەش نزیکەی 300 پارچە زەوی دابەشکراون.
رەنجدەر ئومێد، سەرپەرشتیار لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو ئەوانەی ناویان گەڕاوەتەوە و تاوەکو ئێستا زەوییان وەرنەگرتووە، دڵنیابن وەری دەگرن، بەڵام پرۆسەکە بە تیروپشکە و هەرجارە و کۆمەڵێک زەوی وەردەگرن."
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر، پێشمەرگە یان خانەنشینێک تەرخان دەکرێ 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بەگوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێت. تاوەکو ئەمڕۆ لە بەشێکی شارەکان دابەشکردن دەستی پێکردووە و پرۆسەکەش بەردەوامە.



