رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆک، قۆناخە گرنگ و یاساییەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دا دەبڕێت و ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی زیاتر لە سێ هەزار پارچە زەوی دەکات.
سیروان حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش، میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو و رایگەیاند، رەزامەندیی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانیان وەرگرتووە بۆ کوژاندنەوە و دروستکردنی نەخشەی کەرتی زەوییەکان. سیروان حەسەن، دەڵێت: "ئێستا قۆناخێکی باشمان بڕیوە و نەخشەی کەرتی لە راگەیاندن دایە، کە بڕیارە لە 13ـی ئەیلوول تەواو ببێت. دوای ئەوە، راستەوخۆ لەگەڵ خاوەن موڵکەکان دادەنیشین بۆ ئەوەی قەرەبووی یاسایی خۆیان وەربگرن و دەستبەجێ پرۆسەی تیروپشک و دابەشکردن بەسەر فەرمانبەران دا دەستپێدەکات."
سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوەکرد، لە سنووری بەردەڕەش نزیکەی 3 هەزار فەرمانبەر سوودمەند دەبن، کە 600 کەسیان خاوەن رەزامەندیی کۆنن و 2 هەزار و 400 کەسەکەی دیکە رەزامەندیی نوێن. بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، شارەوانی زیاتر لە 2 هەزار دۆنم زەوی دیاریکردووە کە ئیفراز بکرێن.
سیروان حەسەن، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە نزیکەی 6 هەزار پارچە زەویمان ئامادە کردووە، ئەمەش بۆ ئەوەیە هەم فەرمانبەران زەوی وەربگرن، هەم قەرەبووی 12٪ـی خاوەن موڵکەکان بدرێت [خاوەن تاپۆی کشتوکاڵین]، و هەمیش بەشێکی زەوییەکان وەک زەوی بازرگانی بۆ داهاتی حکومەت و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بمێننەوە."
سەبارەت بەو ناوچانەی بۆ نیشتەجێبوون دیاری کراون، شارەوانیی بەردەڕەش جەخت دەکاتەوە کە رەچاوی ستانداردە جیهانییەکانیان کردووە. سیروان حەسەن، روونیکردەوە: "لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەت، زەوییەکی بەهادار بۆ فەرمانبەران دابین کراوە. لە نەخشە نوێیەکەدا، هیچ شەقامێکمان لە 15 مەتر کەمتر نییە و رێژەی سەوزایی و شوێنی قوتابخانە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە وردەکارییەوە رەچاوکراوە بۆ ئەوەی ببێتە گەڕەکێکی مۆدێرن."
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی شارەوانی تیشکی خستە سەر دۆخی ئەو فەرمانبەرانەی کارتی زانیارییان ناوچەکانی ماددەی 140ـە. سیروان حەسەن رایگەیاند، کە بەپێی رێنماییەکان "ئەو فەرمانبەرانەی سەر بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن، زۆربەیان لە قەزای شێخان زەوییان بۆ دابین دەکرێت نەوەک لە سەنتەری بەردەڕەش."
جگە لە بابەتی زەوی، سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، هەندێک پرۆژە سست بوون یان وەستاون، بەڵام چوار پرۆژەی سەرەکی لە قۆناخی جێبەجێکردن دان. سیروان حەسەن، گوتی: "گەڕەکێکی وەک گەڕەکی پەککەوتووان کە دانیشتووانێکی زۆری هەیە، پرۆژەکەی گەیشتووەتە قۆناخی قیرتاوکردن و ئاوەڕۆ، داواکاریمان بەرزکردووەتەوە تاوەکو بودجەی بۆ دابین بکرێت و تەواو بکرێت، چونکە خزمەتێکی گەورە بە خەڵکی ناوچەکە دەگەیەنێت."
هەروەها سیروان حەسەن، باسی لە گەشەی کەرتی ژینگەیی کرد و رایگەیاند، کە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا رێژەی سەوزایی لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش بە رێژەی 100٪ زیادیکردووە. ئەو گوتی: "ئێمە تەنیا نەمام ناچێنین، بەڵکو پاراستن و خزمەتکردنی دارەکان لامان گرنگترە. پلانمان هەیە بەردەوام بین لە سەوزکردنی شارەکە و هاوکاریی هاونیشتمانییانیش لەم بوارەدا زۆر باش بووە."



