رووداو دیجیتاڵ
بە قەمیسێکی سپی و دەمانچەیەکەوە، بێدەنگیی نیوەڕۆی گەڕەکی 99ی زانکۆی لە هەولێر شێواند؛ پیاوێکی تەمەن 28 ساڵ، لە چەند خولەکێکدا 14 گوللـەی تەقاند و ژیانی خێزانێکی هەڵوەشاندەوە. خوشکێکی هاوژینەکەی کوژرا و هاوژینەکەی و خەزووریشی بریندار بوون.
نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، کاتێک خێزانێکی خەڵکی مەخموور دوای دانیشتنی دادگە بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ لە ماڵی کچەکەیان لە هەولێر کۆببوونەوە، زاواکەیان بە بێدەنگی بەدوایاندا چوو و هێرشی کردە سەریان.
رێبین عەلی، یەکێک لە شایەتحاڵەکانی رووداوەکە کە تازە لە دەوام گەڕابووەوە، دەڵێت: "نانم دەخوارد، گوێم لە دەنگی تەقە و هاواری ئافرەت بوو. کاتێک هاتمە دەرەوە، تەقەکەرەکەم بینی لە کۆڵان بوو لەگەڵ خەزووری، لەبەر سەلامەتی خۆمان چووینەوە ژوورەوە. نزیکەی 14 گوللـەی تەقاند، ئێرە ماڵی خوشکی خێزانی تەقەکەرەکەیە."
دیمەنەکان ترسناک بوون، تەقەکەرەکە بە جۆرێک توڕە بووە کە هەر کەسێکی ببینیایە دەیکردە ئامانج. بورهان، شایەتحاڵێکی دیکەیە و دەڵێت: "کێ دەیتوانی دەربچێت؟ ئەوەی دەربچووایە دەیکوشت. تەنانەت تەقەی لە پیرەژنێکی دراوسێش کرد و گولە بەر دەرگای ئەوانیش کەوتبوو. ئێمە نەمانتوانی بێینە دەرەوە تاوەکو رۆیشت، دواتر بینیمان پیاوە بەتەمەنەکە لێرە کەوتووە و ئافرەتێکیش گیانی لەدەستدابوو."
قوربانیی یەکەمی رووداوەکە هێلین رەحمانە؛ تەمەنی 31 ساڵ بوو و بەڕێوەبەری باخچەی ساوایانی (مەلا قەرە) بووە، ئەو لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدا.
دوو قوربانییەکەی دیکە ئێستا لە نەخۆشخانەن؛ رەحمان عەزیز، کە خەزووری تەقەکەرەکەیە و تەمەنی 69 ساڵە، سێ گوللـەی بەرکەوتووە و باری تەندروستی جێگیرە. بەڵام ئامانجی سەرەکیی تەقەکەرەکە کە "دلڤین"ی هاوژینییەتی و تەمەنی تەنیا 23 ساڵە، دوو گولەی بەرکەوتووە و لەژێر چاودێریی چڕدایە.
ئەرخەوان رەفعەت، کە شایەدی ساتی هەڵاتنی منداڵەکان بووە، بە خەمناکییەوە دەڵێت: "منداڵەکان یەکەم کەس بوون بە قیژە و هاوار هاتنە دەرەوە، سێ منداڵ بوون، یەکێکیان زۆر بچووک بوو لە باوەشدا بوو، دووەکەی دیکە لەتاو گیانیان بەرەو کۆڵان هەڵاتن."
چیرۆکی ناکۆکییەکە چی بوو؟ دلڤین و هاوژینەکەی دوو ساڵ بوو ژیانی هاوبەشیان پێکهێنابوو، بەڵام لە رەمەزانی ئەمساڵەوە کێشە کەوتووەتە نێوانیان. دوای دوو جار هەوڵی ئاشتکردنەوە، دواجار دلڤین بڕیاری جیابوونەوە دەدات. رۆژی یەکشەممە دووەمین دانیشتنی دادگەیان هەبووە، بەڵام وا دیارە هاوژینەکەی بڕیاری "کۆتاییهێنانێکی خوێناوی" دابوو.
تەقەکەرەکە کە پیشەی کرێکارە، دوای ئەنجامدانی تاوانەکە رایکرد، بەڵام پۆلیسی پارێزگای هەولێر دوای 8 کاژێر گەڕان و بەدواداچوون، توانییان دەستگیری بکەن و رەوانەی دادگەی بکەن.



