رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبوواندا، کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور دەڵێت، برینی بێسەروشوێنبووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان هێشتا ساڕێژ نەبووە. بەرپرسێکی رێکخراوەکەش دەڵێت، تەنیا لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 2000 خێزان بۆ دۆزینەوەی ئازیزانیان پەنایان بۆ هێناون.
ئەڤین یاسین، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و بڵاوکردنەوە لە کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور (ICRC) لە هەرێمی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداو رایگەیاند، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، خێزانی کەسانی بێسەروشوێن مافی خۆیانە چارەنووسی ئازیزەکانیان بزانن و ئەمەش بەرپرسیارێتیی دەوڵەتە.
سەبارەت بە چالاکییەکانیان لە عێراق، ئەڤین یاسین گوتی: "لە ساڵی 2025ـدا 1289 خێزان سەردانی ئۆفیسەکانمان کردووە و توانیمان چارەنووسی 317 کەس یەکلایی بکەینەوە؛ بەڵام لە ساڵی 2026ـدا رێژەکە زیادی کردووە، بە جۆرێک تەنیا لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 2023 خێزان داوای سۆراخی ئازیزانیان کردووە و تاوەکو ئێستاش 428 کەیس یەکلایی کراونەتەوە."
چۆنیەتیی گەڕان بەدوای ونبووەکاندا
خاچی سووری نێودەوڵەتی ژمارە تەلەفۆنی بێبەرامبەری (80022222)ـی بۆ هەموو هێڵەکان تەرخان کردووە تاوەکو خێزانەکان پەیوەندییان پێوە بکەن. لێپرسراوەکەی خاچی سوور ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان لە رێگەی سەردانی گرتووخانەکان، کەمپەکان و هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەست بە گەڕان دەکەن و هیچ کەیسێک داناخەن تاوەکو وەڵامی کۆتایی و یەکلاکەرەوە بەدەست نەهێنن.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەڤین یاسین باسی لە گەڕان بەدوای رووفاتی قوربانیانی جەنگ کرد و گوتی: "تەنیا پار 183 رووفات لە نێوان عێراق و ئێراندا ئاڵوگۆڕ کراون کە 47ـیان ناسراونەتەوە." راشیگەیاند، لەسەر داوای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدواداچوونی ورد بۆ کەیسی ئەو منداڵانەی هەڵەبجە دەکەن کە لە کاتی کیمیابارانەکەدا لە ئێران بێسەروشوێن بوون.
لە دوای هێرشی داعش لە ساڵی 2014، دۆسیەی ئێزدییەکان بووەتە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی خاچی سوور. ئەڤین یاسین ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساڵی 2025ـدا 694 خێزانی ئێزدی لە شنگال و شاریا و خانکێ لە پڕۆگرامێکی تایبەتی رێکخراوەکە سوودمەند بوون، کە لایەنەکانی دەروونی، یاسایی و ئابووری دەگرێتەوە.


