رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 1000 پێشمەرگەی خانەنشینی یەکەی 70 لە چەمچەماڵ دەڵێن مووچەکانیان دواکەوتووە. بەڕێوەبەری بانکی چەرموو گوتی، جگە لە نەبوونی تەمویل، بانکەکەیان لە کۆتایی ئەم مانگەدا 5 رۆژ دادەخرێت بە مەبەستی تێکەڵکردنی لەگەڵ بانکی چەمچەماڵ و دامەزراندنی لقی "بانکی نیشتمان".
نازم نەسرهدین، نوێنەری پێشمەرگە خانەنشینەکان لە چەمچەماڵ بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، چەند رۆژێکە مووچەی هاوتاکانیان لە شاری سلێمانی دابەشکراوە، بەڵام لە چەمچەماڵ هێشتا وەرینەگرتووە. ئەو دەڵێت: "پێمان دەڵێن کێشەی تەکنیکی هەیە؛ داواکارین چیدی مووچەکانمان دوانەخرێت چونکە ژیانمان لەسەر ئەو پارەیەیە."
بانکی چەرموو: پارەمان بۆ نەهاتووە
سالم خەڵەف، بەڕێوەبەری بانکی چەرموو لە چەمچەماڵ، بۆ رووداو روونی کردەوە کە کێشەکە لای ئەوان نییە و گوتی: "پەیوەندیمان بە یەکەی ژمێریاریی یەکەی 70 کردووە، پێیان راگەیاندووین هێشتا تەمویلی پێویست بۆ حیسابی پێشمەرگەکانی چەمچەماڵ نەنێردراوە؛ ئێمە تەنیا بۆ خانەنشینانی یەکەی 70 بڕی 383 ملیۆن دینارمان بۆ 918 کەس پێویستە."
بەڕێوەبەری بانکی چەرموو ئاماژەی بەوەش کرد، لە سلێمانی هەر بڕە پارەیەک بێتە بەردەست دەست بە دابەشکردنی دەکەن، بەڵام بۆ ئەوان هێشتا هیچ بڕە پارەیەک بۆ ئەو مەبەستە نەگەیشتووە.
داخستنی بانک و دامەزراندنی "بانکی نیشتمان"
جگە لە کێشەی تەمویل، مووچەخۆرانی چەمچەماڵ رووبەڕووی وەستانێکی دیکەی کارگێڕی دەبنەوە. سالم خەلەف ئاشکرای کرد، کە بڕیاری تێکەڵکردنی هەردوو بانکی (چەرموو) و (چەمچەماڵ) دراوە بۆ ئەوەی ببنە یەک بانک لە ژێر ناوی "بانکی نیشتمان - لقی چەمچەماڵ".
بەڕێوەبەری بانکەکە گوتی: "لە رێکەوتی 31ـی 8ـەوە دەرگای بانک دادەخەین بۆ ئەوەی حیساباتەکانمان سفر بکەینەوە و کەرەستەکان بگوازینەوە؛ ئەم پڕۆسەیە نزیکەی 4 بۆ 5 رۆژ دەخایەنێت و لەو ماوەیەدا هەموو کارەکانمان دەوەستێت."
ئەم بڕیارە بەو واتایە دێت کە ئەگەر لەو ماوەیەدا پارەی مووچەی خانەنشینانیش بگات، دەبێت تاوەکو تەواوبوونی پڕۆسەی تێکەڵکردنی بانکەکان و کردنەوەی بانکی نیشتمان چاوەڕێ بکەن.


