رووداو دیجیتاڵ
بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆی لەکاتی منداڵبوونی ژنێک لە یەکێک لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانی هەولێر، مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێناوە، لە بەرامبەردا، ئەو مامانەی ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە دەڵێت، "مۆڵەتی کارکردنم هەیە و ڤیدیۆکە بە رەزامەندیی دایک و باوکی کۆرپەکە بووە."
شەهلا عەبدولڕەحمان ئەمیرپوور، ئەو مامانە کوردەی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە و 9 ساڵە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، لە بەرنامەی بەرپرسیاری رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "مەبەستم لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە پێدانی زانیارییە لەبارەی منداڵبوونی سرووشتی و هاندانی ژنانە بۆئەوەی بە شێوەی سرووشتی منداڵیان ببێت."
شەهلا، جەختیکردەوە کە خاوەنی بڕوانامەی باوەڕپێکراو (تەعدیل شەهادە) و مۆڵەتی کارکردنە لە سەندیکای کارمەندانی تەندروستی و ماوەی 5 ساڵە ئەندامی کارای سەندیکایە. ئەو دەڵێت، "پێنج ساڵە ڤیدیۆی هۆشیاری و رێنمایی بڵاودەکەمەوە و ئەمە یەکەمجارم نییە."
سەبارەت بە ڤیدیۆکە، شەهلا ئەمیرپوور روونیکردەوە، "ڤیدیۆکە رێکەوتی 2ی مانگی 8ـی ئەم ساڵ تۆمارکراوە و دوای 24 رۆژ لە تۆمارکردنی، بڵاومکردووەتەوە، واتە راستەوخۆ (لایڤ) نەبووە." ئەو هەروەها گوتی، "هەموو ئەو ڤیدیۆیانەی تۆماریان دەکەم، بە رەزامەندیی نەخۆش و هاوژینەکانیانە و مەرجی ئەوان ئەوەیە کە دەموچاویان دەرنەچێت، بۆیە منیش دوای مۆنتاژکردن و شاردنەوەی رووخسارەکان بڵاویاندەکەمەوە."
ئەو مامانە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە پەیوەندیی بەو ژنەوە کردووە و بە شەهلای گوتووە، "هەر نەمزانیوە کە ئەوە منم". هاوکات، هاوژینی ژنەکەش کە بازرگانە، ستایشی کارەکەی کردووە و پێیگوتووە، "ئەوەی تۆ دەیکەیت، تەنیا لە دەرەوەی وڵات دەکرێت."
شەهلا باسی لەوەشکرد، بەهۆی ئەم بابەتەوە رووبەڕووی "قسەی رەگەزپەرستانە" بووەتەوە و گوتی، "ئەوەی زۆر ناڕەحەتی کردم ئەوەبوو دەیانگوت 'ئەوە ئێرانییە'." ئەو مامانە بە گریانەوە باسی لەوەکرد بنەماڵەکەی لە بۆکان زۆر دڵتەنگ بوون و خەریکبووە دایک و باوکی تووشی جەڵتە ببن.
سەبارەت بە کارکردنی لە نەخۆشخانە ئەهلییەکەی هەولێر، شەهلا گوتی، "لە ساڵی 2020 گرێبەستێکم لەگەڵیان هەبوو بۆ ماوەی دوو ساڵ، بەڵام نوێم نەکردەوە. ئێستا نەخۆشخانەکە ترساون و دەڵێن ئیتر لەگەڵ شەهلا کارناکەین."
دکتۆر رەسووڵ، سەرۆکی لیژنەی پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ یەکشەممە لیژنەیەکمان بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە پێکهێناوە." گوتیشی، "بڵاوکردنەوەی رێنمایی پزیشکی کارێکی زۆر باشە، بەڵام کێشەکە لە شێوازی بڵاوکردنەوەکەدایە کە لە کاتی منداڵبوونی نەخۆشەکەدایە و ئەمەش جۆرێکە لە پێشێلکردنی رێنماییەکان."
لیژنەکەی وەزارەتی تەندروستی کە نوێنەری داواکاری گشتی و پزیشکی پسپۆڕی تێدایە، بانگهێشتی شەهلا ئەمیرپوور دەکات و لێکۆڵینەوە لە مۆڵەتەکانی کارکردن، مافی مانەوە (ئیقامە) و وەرگرتنی رەزامەندیی نەخۆشەکە دەکات. هەروەها، "ئیجرائات لەگەڵ ئەو شوێنەش دەکرێت کە ڤیدیۆکەی لێ تۆمارکراوە."
شاخەوان سەلیم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، لە (بەرپرسیار) پشتڕاستیکردەوە کە "شەهلا مۆڵەتی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی هەیە و لەژێر سەرپەرشتیی پزیشک کاردەکات،" بەڵام جەختیکردەوە، "بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی نەخۆش بەهیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە، تەنانەت ئەگەر نەخۆشەکەش خۆی رەزامەند بێت، چونکە ئەمە پێچەوانەی رێنماییەکانی سەندیکا و وەزارەتی تەندروستییە کە مافی نەخۆش دەپارێزن."
شاخەوان سەلیم، گوتی، "کولتوری ئێمە و رێنماییەکان رێگە بە کارێکی وا نادەن. شەهلا دەیتوانی لە پەیجێکی تایبەتەوە رێنمایی بدات، بەبێ ئەوەی ڤیدیۆی نەخۆش بڵاوبکاتەوە. چەندین جار بە لیژنەکانی وەزارەتم گوتووە بۆ پزیشکانیش بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی نەخۆش هەمان شێوە بێ و رەوا نییە بس بۆ کارمەندان رێگەپێدراو نەبێ."
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکا ئەوەشی خستەڕوو کە نوێنەریان لە لیژنەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هەیە و لەگەڵ وەزیری تەندروستیش قسەی کردووە بۆئەوەی بەدواداچوون بۆ کەیسەکە بکەن و بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدەن.

