رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییان و کاسبکارانی گەڕەکی سێتاقان لە هەولێر دەڵێن، ئاوەڕۆی شەقامەکەیان گیراوە و ئاوی پیس دەچێتە نێو ماڵ و دووکانەکانیانەوە. شارەوانیی یەک دەڵێت، زانیارییەکان دەنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە.
کاسبکارێکی شەقامی (بیرۆکەییان) لە گەڕەکی سێتاقان، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، مەنهۆڵەکانی بەردەم دووکانەکانیان بەردەوام دەگیرێن و ئاوی پیس دەڕژێتە سەر شەقامەکە: "ئەم دۆخە زیانی زۆری بە کاسبییەکەمان گەیاندووە و کڕیارەکانمان بێزار بوون؛ کاتێک باران دەبارێت، ئاوەکە دەگەڕێتەوە ناو ماڵ و دووکانەکانمان."
دانیشتووانی ناوچەکە داوا دەکەن شارەوانی بە شێوەیەکی بنەڕەتی سیستمی ئاوەڕۆی ناوچەکە نۆژەن بکاتەوە، چونکە بە گوتەی ئەوان چەندین جار بە شێوەی کاتی چاککراوە، بەڵام دیسان گیراوەتەوە.
سەنگەر محەممەد، بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک لە هەولێر، بە رادیۆی رووداو رایگەیاند، هەرچەندە ئەو ناوچەیە دەکەوێتە سنووری شارەوانیی چوارەوە، بەڵام ئەوان وەک هاوکاری، زانیاری و ناونیشانی وردی ئەو شوێنە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێر دەکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات تیمەکان بنێردرێن و کێشەکە چارەسەر بکرێت.


