رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای تەقتەق پێنجەمین فێستڤاڵی هەنجیر کۆتایی هات؛ قایمقامی قەزاکەش دەڵێ، لە فێستڤاڵەکەدا زیاتر لە 12 هەزار تۆن هەنجیر فرۆشراوە و نزیکەی 10 هەزار گەشتیاریش سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.
هەینی 28-8-2026 پێنجەمین فێستڤاڵی هەنجیر لە تەقتەق، لە پارکی گوڵی ماناز بەڕێوەچوو، درەنگی شەوی رابردوو کۆتایی هات.
رۆژی یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، ئاسۆ مستەفا، قایمقامی قەزای تەقتەق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە فێستڤاڵەکەدا توانرا زیاتر لە 12 هەزار تۆن هەنجیر بفرۆشرێت جیا لە بەرهەمە خۆماڵییەکانی دیکەی قەزاکە و کارە دەستییەکان".
بە گوتەی ئاسۆ مستەفا، لە ماوەی دوو رۆژی فێستڤاڵەکەدا 10 هەزار گەشتیار سەردانی فێستڤاڵەکەیان کردووە.
قایمقامی تەقتەق گوتی: "ساڵانی پێشوو کێشەی رێگەوبانمان هەبوو، رێگەکە ناخۆش بوو، بەڵام ئەم ساڵ ئەو کێشەیە چارسەر کرابوو، چەندین رێگەی جێگرەوەمان بۆ گەشتیاران کردبووەوە."
لە فێستڤاڵەکەدا گرنگییەکی زۆر بە کارە دەستییەکان و کەرتی کشتوکاڵ درابوو، بە جۆرێک 200 خانم بە کەلوپەل و بەرهەمی دەستی جیاواز، لەگەڵ 70 جووتیاری ناوچەکە بەرهەمەکانیان لە 120 کەپر نمایش کردبوو.
ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی هەنجیردا، لە قەزای تەقتەق فێستیڤاڵی تایبەت بەو بەرهەمە رێکدەخرێت. پار لە 15-8-2025، فێستیڤاڵەکە، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و بە سەرپەرشتیی دەستەی گەشتوگوزار بەڕێوە چوو.
ساڵی 2024، لە دوو رۆژدا نزیکەی 10 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردبوو. بەڵام پار تەنیا لە یەک رۆژدا، 17 هەزار گەشتیار چوونە ڤێستڤاڵەکە و حەوت تۆن هەنجیر فرۆشرا.



