رووداو دیجیتاڵ
خراپیی خزمەتگوزارییەکان و لەکارکەوتنی بەردەوامی ئاسانسوارەکان، نیگەرانیی لای دانیشتووانی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی "پاکلاند" لە هەولێر دروست کردووە. ئیدارەی پڕۆژەکە دەڵێت، راگرتنی ئاسانسوارەکان بۆ "نژەنکردنەوەیە".
پڕۆژەی پاکلاند لە 7 باڵەخانە پێکهاتووە و دەکەوێتە پشت شاری یاریی ماجدی لاند لە ناحیەی کەسنەزان. هاونیشتمانییانی ناو پڕۆژەکە بە رادیۆی رووداویان راگەیاند، دوو ساڵە بەدەست کەمیی خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا و موەلیدەوە دەناڵێنن، بەڵام ئێستا پەککەوتنی ئاسانسوارەکان بووەتە گەورەترین کێشەیان.
یەکێک لە دانیشتووانی باڵەخانەی (C2) ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆی سێ ئاسانسوار تەنیا یەکێکیان کار دەکات، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر هاتووچۆی سەدان خێزان لە ناو باڵەخانە بەرزەکاندا.
لە بەرامبەر ئەم سکاڵایانەدا، بەشی خزمەتگوزاریی پڕۆژەی پاکلاند بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئاسانسوار ئامێرێکی هەستیارە و بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانییان، هەر کاتێک کێشەیەکی تەکنیکی هەبێت رایدەگرن تاوەکو لەلایەن تیمی پسپۆڕەوە چاک دەکرێتەوە.
ئیدارەی پڕۆژەکە روونیکردەوە: "ئێستا خەریکی گۆڕینی ئاسانسوارە کۆنەکانین بۆ جۆری نوێ تاوەکو کواڵیتیی خزمەتگوزارییەکان بەرز بکەینەوە؛ هەروەها تیمێکی پسپۆڕمان 24 کاژێر لە ناو پڕۆژەکەدا داناوە بۆ ئەوەی دەستبەجێ هەر کێشەیەک چارەسەر بکەن."
سەرەڕای ئەم بەڵێنانەی بەشی خزمەتگوزاری، دانیشتووانی کۆمەڵگەی پاکلاند داوا دەکەن کارەکانی نۆژەنکردنەوە خێراتر بکرێن، چونکە ناتوانن رۆژانە بە پێ سەرکەون بۆ نهۆمە بەرزەکان و ژیانیان پەککەوتووە.

