رووداو دیجیتاڵ
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، پیاوێک هێرشی کردە سەر ماڵی خەزوورانی و بە دەستڕێژی گوللـە خوشکی هاوژینەکەی کوشت و هاوژین و خەزوورەکەشی بریندار کرد.
بەپێی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی لە هێزە ئەمنییەکانەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، رۆژی یەکشەممە 30ـی ئابی 2026، ئەو پیاوە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە کە لەگەڵ هاوژینەکەی هەبووە و لەسەروبەندی جیابوونەوەدا بوون، ئەو تاوانەی کردووە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە هەر ئەمڕۆ پێش رووداوەکە، هەردوولا لە دادگە دانیشتنیان هەبووە، بەڵام دوای تەواوبوونی دانیشتنەکە، پیاوەکە چووەتە سەر ماڵی خەزووری و دەستڕێژی گوللـەی لێکردوون.
دادپزیشکیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تەرمی ئەو ژنەی لە رووداوەکەدا کوژراوە، نزیک کاژێر 4:30 خولەکی پاشنیوەڕۆ گەیێندراوەتە دادپزیشکی. ئەو ژنە تەمەنی 30 ساڵە و شوێنی چەند گوللەیەکە بە جەستەیەوە بووە."
دادپزیشکیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، کە رێکارە یاساییەکان و توێکاری بۆ تەرمەکە کراوە و ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی رادەستی خێزانەکەی بکرێتەوە.
ئێستا هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیەکی وردیان دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە کە دوای تاوانەکە هەڵهاتووە.


