رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و هەشتی دیکەش بریندار بوون. بەڕێوەبەی هاتووچۆی قەزاکە دەڵێ، دوو لە بریندارەکان برینیان سەختە.
عەمید عومەر عەلی، بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ، ئەمڕۆ شەممە 29ی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووداوی یەکەم وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک بوو و لە ئەنجامدا شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا، کە هاونیشتمانییەکی خەڵکی کەرکووک بوو".
لەبارەی رووداوەکەی دیکەوە، بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ گوتی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ روویدا و لە جۆری پێکدادان بووە لەنێوان لاندکرۆزەرێک و تەکسییەکدا لە رێگەی ئاغجەلەر بۆ گۆپتەپە، لە ئەنجامدا هەشت کەس بریندار بوون.
عەمید عومەر عەلی ئاماژەی بە دۆخی بریندارەکان کرد و گوتی: "برینی دووانیان سەختە و رەوانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراون".
بەگوێرەی نوێترین ئامار لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە بۆ رووداو، لە ساڵی 2018ـەوە تاوەکو مانگی ئابی 2025، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 21 هەزار و 646 رووداوی هاتوچۆ روویان داوە، لە ئەنجامدا 3 هەزار و 137 کەس گیانیان لەدەستداوە و 39 هەزار و 339 کەسیش بریندار بوون.



