رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ و سبەی لە بەشێکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر، ئەگەری بارانبارینی کورتخایەن هەیە. کەشناسێک پێشبینی دەکات لە دووشەممەوە پلەی گەرما زیاتر دابەزێ.
ئەمڕۆ شەممە کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، هەندێک کات دەگۆڕدرێ بۆ نیمچەهەور لەگەڵ ئەگەری بارینی تاوەبارانی کورتخایەن لە کات و شوێنی جیاجیا، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر".
لەبارەی پێشبینی بۆ کەشوهەوای سبەی، کەشناسی رایگەیاندووە: "ئاسمان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت و ئەگەری بارینی تاوەبارانی کورتخایەن لە کات و شوێنی جیاجیادا لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان بەردەوام دەبێت".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەمڕۆوە تاوەکو دووشەممە ئەگەری بارانبارین هەیە و زیاتر بۆ ناوچە شاخاوییەکانە و لە هەندێک شوێن هەورە برووسکەیشی لەگەڵ دەبێت".
ئەو کەشناسە پێشبینی کرد، لە دووشەممە 31ی ئەم مانگەوە "پلەی گەرما بە رێژەیەکی بەرچاو و نزیکەی پێنج پلەی سیلیزی دابەزێ".
شاڵاو هیدایەت ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ و سبەی لەگەڵ پێشبینی بۆ بارانبارین، پێشبینی "خۆڵبارینێکی سووک" لە ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێ.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە؛ هەروەها سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما دوو بۆ سێ پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
بەگوێرەی کەشناسی، سبەی پلەی گەرما بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 40 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 38 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 40 پلەی سیلیزی
دهۆک: 39 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 43 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 40 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 40 پلەی سیلیزی
پیرمام: 36 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 40 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 43 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 31 پلەی سیلیزی



