رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەم ساڵیش کورسیی تایبەت بە رۆژنامەنووسانی تەرخان کرد. سەرۆکی بەشی تەکنیکی میدیا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەڵێت، کورسییەکان بۆ ئەم ساڵ لە 6 کورسییەوە بۆ 12 کورسی زیاد کراون.
کورسییەکان هەردوو خوێندنی بەیانیان و ئێواران دەگرێتەوە، داواکاران بە کێبڕکێی زانستی وەردەگیرێن.
د. هاوکار یاسین، سەرۆکی بەشی تەکنیکی میدیا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "12 کورسیی تایبەت بۆ رۆژنامەنووسان لە بەشی تەکنیکی میدیا لە پەیمانگای تەکنیکی کارگێڕیی هەولێر تەرخان کراون، داواکاران دەتوانن بۆ بەدەستهێنانی ئەو کورسییانە لە کێبڕکێی زانستی بەشداری بکەن."
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، داواکاران دوای پڕکردنەوەی فۆرم، لە تاقیکردنەوەکاندا بەشداری دەکەن و ئەو کەسانەی نمرەی پێویست بەدەستدەهێنن، وەک قوتابی لە بەشی تەکنیکی میدیا وەردەگیرێن.
چەند مەرجێک بۆ خوێندنی بەیانیان دیاریکراون
زانکۆکە کۆمەڵێک مەرجی دیاریکردووە، مەرجەکان مەرجی قورس نین و رۆژنامەنووسان دەتوانن سوودمەند بن لەو کورسییانەی بۆیان تەرخانکراوە.
مەرجەکان بریتین لە:
- لانیکەم سێ ساڵ ئەزموونی کارکردنی لە بوارى میدیا هەبێت.
- دەرچووی بەشە پیشەییەکان یان پۆلی 12ی ئامادەیی بێت.
- کۆنمرەی دەرچووی بەشە پیشەییەکان لە 60 کەمتر نەبێت.
- کۆنمرەی دەرچووی پۆلی 12 لە 55 کەمتر نەبێت.
- تەمەنی لە 45 ساڵ زیاتر نەبێت.
هیچ مەرجێکی سنووری تەمەن بۆ خوێندنی ئێواران نییە
بۆ خوێندنی ئێواران، هەمان مەرجەکانی ئەزموونی کار، بڕوانامە و کۆنمرە جێبەجێ دەکرێن، بەڵام هیچ مەرجێکی تەمەن بۆ داواکارانی خوێندنی ئێواران دیاری نەکراوە.
سەرۆکی بەشی تەکنیکی میدیا لە زانکۆکە دەڵێت، "ئامانج لە زیادکردنی کورسی بۆ رۆژنامەنووسان، رەخساندنی هەلی زیاترە بۆیان و گرینگیدانە بە میدیاکاری پڕۆفیشناڵ و ئەکادیمی، ئەم دەرفەتە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پیشەیی رۆژنامەنووسان."
د. هاوکار یاسین گوتیشی، "دوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان، دواجار پڕۆسەی وەرگرتن بۆ ئەم جۆرە کورسییانەش بە پشتبەستن بە خاڵبەندی، بڕوانامە و ئەزموونی کارکردن ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی دابینکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ داواکاران."



