رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە هێزەکانی پێشمەرگە دەکات، وێنە و ڤیدیۆی سەربازی خۆیان بۆ هیچ کەسێک نەنێرن.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی 28ی ئاب بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە: "بەشێک لە پەیج، ئەکاونت و کەسایەتییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، داوا لە ئەفسەران و پێشمەرگە دەکەن کە وێنە و ڤیدیۆی بەشداریکردنیان لە شەڕەکاندا بە جلوبەرگی سەربازییەوە بنێرن بۆیان".
وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە ئەفسەر و پێشمەرگەکان دەکات، "بۆ پاراستنی زانیارییە کەسی و گشتییەکان، لەم بابەتەدا زۆر هۆشیار بن و بە هیچ شێوەیەک وێنە و ڤیدیۆی تایبەت بە چالاکییە سەربازییەکانیان بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەنێرن، بەتایبەت لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەوپەڕی بەرپرسیارێتی و هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەن و خۆتان و یەکە سەربازییەکانتان بپارێزن.
وەزارەتی پێشمەرگە پەیجی فەرمی خۆی هەیە، کە هەواڵ و چالاکییەکانی تێدا بڵاو دەکاتەوە، بەڵام ژمارەیەک پەیج و ئەکاونتیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناوی جۆراوجۆر، زۆرجار وێنە و زانیاری سەربازی بڵاودەکەنەوە. جگە لەوەش هەندێک کەس بە ناوی هەواداری فەرماندە سەربازییەکان، پەیج و ئەکاونتیان لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان دروست کردووە.



