رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سەردانی سەنتەری شار و بازاڕی پردی سەیداوەیان کردووە و چەند رێنماییەکیان دەرکردووە بۆ کاسبکاران. بەرپرسێکی شارەوانییەکە دەڵێت، ئەگەر دوای ئاگادارکردنەوەیان پابەند نەبن، سزا دەدرێن.
لە راگەیێندراوەکەی شارەوانیی هەولێردا کە ئەمڕۆ هەینی 28ی ئاب بڵاوکراوەتەوە، جگە لە رێنماییەکان، کۆمەڵێک وێنەش بڵاوکراونەتەوە کە تێیاندا ئاژەڵ، جۆرەها پەلەوەر وەکو مریشک، قاز و قەل؛ هەروەها ماسی و شیرینیش، هەموویان لە یەک بازاڕدا لەسەر عارەبانە و زەوی دانراون بۆ فرۆشتن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەپێناو پاراستنی سیمای سەنتەری شاری هەولێر، پاکڕاگرتنی شۆستە و شەقامەکان و رێگری لە بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و نەخۆشی، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی یەک بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، هەڵمەتێکی چاودێری و بەدواداچوونیان بۆ بازاڕی سەنتەری شار و پردی سەیداوە کرد".
رەنجدەر ئومێد، سەرپەرشتیار لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تیمەکانی شارەوانی ئاگاداری سەرپێچیکاران دەکەنەوە، هەندێک جار دووجار ئاگادار دەکرێنەوە، کە پابەند نەبن بێگومان بەگوێرەی رێنماییەکان سزا دەدرێن".
شارەوانیی هەولێر رایگەیاندووە: "دەرکەوتووە لە رۆژانی هەینیدا ژمارەیەکی زۆر لە فرۆشیاران بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بەبێ رەچاوکردنی مەرجە ژینگەیییەکان، پەلەوەر و باڵندە لەسەر شۆستە و شەقامەکان نمایش دەکەن و پاشماوە جێدەهێڵن، کە ئەمەش بارگرانییەکی گەورە بۆ تیمەکانی خاوێنکردنەوە دروست دەکات".
رەنجدەر ئومێد دەڵێت: "سەرەڕای رەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵکی خۆمان، دوای ئاگادارکردنەوە سزای جیاواز دەدرێن، لەوانە چۆڵکردنی شوێنەکە بە یەکجاری، یان پێبژاردنی دارایی بەگوێرەی یاسا".

.jpg&w=3840&q=75)

