رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە رووباری کاولۆکان لە سنووری قەزای رواندز لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خنکا، کە نزیک ماڵەکەی خۆیان بوو. شایەتحاڵێک رایگەیاند: "ئاوەکە 10 مەتر لە ماڵیانەوە دوور بوو، گومان دەکرێ لە ئاوەکەدا جەڵتە لێیدابێت".
رووداوەکە نزیک کاژێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی لە رووباری کاولۆکان روویداوە، کە بە رووباری گەورەی باڵەکایەتیش ناسراوە. ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی نەجمەدین مەلا سلێمانە و تەمەنی 61 ساڵە.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سۆران، ئەمڕۆ هەینی 28ی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ماڵی ئەو کەسە زۆر نزیکی شوێنی رووداوەکەیە؛ بۆمان زۆر روون نییە، کە خنکانەکە چۆن روویداوە".
تەرمی نەجمەدین گەیێندراوەتە دادپزیشکیی سۆران. کاروان میراودەلی گوتی: "ئەم ساڵ هەوڵی زۆرمان دا تاوەکو کەمترین رووداوی خنکان هەبێت، بەڵام بەداخەوە رووداوەکان زیادیان کردووە؛ پار تاوەکو ئەم کاتە 10 کەس خنکابوون، بەڵام ئەم ساڵ گەیشتووەتە 11 کەس".
هاونیشتمانییەکی هاوسێی ماڵی قوربانییەکە بە ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداوی گوت، گوێی لە دەنگی گریان بووە و کە چووەتە دەرەوە، بینیویەتی نەجمەدین مەلا سلێمان کەوتووەتە نێو ئاوەکە و دوو کەس لە لای رووبارەکە وەستاون بە دیارییەوە.
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "شوێنی رووداوەکە و ماڵی مام نەجمەدین نزیکەی 10 مەتر دوورە، بۆیە دڵنیا نیم خنکابێت و گومان دەکرێت لە ئاوەکەدا جەڵتە لێیدابێت".
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 60 کەس لە ئاودا خنکاون، لەو ژمارەیە 34 یان لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوون.



