رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەغدایە. ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، بۆ وەرگرتنی زانیارییە، نەوەک رێککەوتن.
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شاندێکی دوو کەسی لە وەزارەتی پێشمەرگە، کە یەکێکیان لە بەشی ژمێرکارییە، ئەمڕۆ چوونەتە بەغدا".
ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتی: "مەبەستی سەردانەکە کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی عێراق."
لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند: "ئەم سەردانە بۆ رێککەوتن نییە. ئەو دوو ئەفسەرە رۆیشتوون تاوەکو زانیارییەکان وەربگرن سەبارەت بە بودجە و هاوتاکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ عێراق."
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆسەی رێککەوتن پێویستی بە هەنگاوی زیاترە و گوتی: "بۆ رێککەوتن و داواکردنی بودجە، دەبێت شاندێکی باڵای وەزارەت سەردانی بەغدا بکات".
20-8-2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دوای زیاتر لە مانگێک لە گفتوگۆی چڕ و خەمڵاندنی هەمەلایەنەی داهات و خەرجییەکان، کۆتاییهاتنی پرۆسەی ئامادەکردنی پشکی هەرێمی کوردستانی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی 2027 راگەیاند و پڕۆژەکەی بە هەردوو شێوازی کاخەزی و ئەلیکترۆنی رەوانەی بەغدا کرد.
وەزارەت رایگەیاند: "لەم پڕۆژەیەدا، سەرجەم شایستە داراییەکان، خواستە دەستوورییەکان و پێداویستییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی جێگیرکراون، لەوانە:
• دابینکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان.
• دابینکردنی مووچە بۆ خێزانی کەمدەرامەت و هاوتاکردنی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتیەکان لەگەڵ بەغدا.
•دابینکردنی خەرجییەکانی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان.
• جێگیرکردنی مافی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە بۆ چەندین ساڵ بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوو.
• هاوتاکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە.
• هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و وەرگرتنی سەرجەم شایستە داراییەکانی پێشویان.




