رووداو دیجیتاڵ
شۆفێرانی گواستنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە سنووری سۆران دەڵێن، بەهۆی کەمیی بەشەبەنزینی حکومییەوە، ناتوانن بەرهەمی جووتیاران بگوازنەوە بۆ بازاڕەکان. بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆرانیش رایدەگەیێنێت، رێنماییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران رێگە نادات جیاکاری لە نێوان چین و توێژەکاندا بکەن.
رابەر دڵشاد، نوێنەری شۆفێرانی پیکاب لە سنووری سۆران و سیدەکان، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، نزیکەی 400 شۆفێری پیکاب کە ئەرکی گواستنەوەی بەرهەمی دەڤەری برادۆست و باڵەکایەتییان لەسەرە، بەدەست کەمیی سووتەمەنییەوە دەناڵێنن. ئەو دەڵێت: "بۆ هەر گەشتێک بەرەو هەولێر، پێویستمان بە 70 لیتر بەنزینە، بەڵام حکومەت 96 کاژێر جارێک تەنیا 40 لیترمان پێدەدات."
ئەو شۆفێرە هۆشداری دەدات کە بەهۆی ئەم قەیرانەوە، زۆرجار بەرهەمی جووتیاران لەبەر گەرما خراپ دەبێت و ناتوانن بیگوازنەوە، چونکە کرێی گواستنەوەکە هێندە نییە بتوانن بەنزین بە نرخی بازاڕی ئازاد (لیتری بە 1800 دینار) بکڕن.
ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، رۆژانە نزیکەی 250 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری بۆ سنوورەکە دابین دەکرێت.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان گوتی: "تەنیا شۆفێرانی پیکاب نین، بەڵکو فەرمانبەران و کارمەندانی تەندروستییش هەمان داواکارییان هەیە. ئەگەر بمانەوێت تایبەتمەندی بە شۆفێرانی پیکاب بدەین، دەبێت بەشەبەنزینی خەڵکی دیکە کەم بکەینەوە، ئەوەش کێشە دروست دەکات."
ئەمیر شانەدەری ئاماژەی بەوەش کرد، کە رێنماییەکی فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیرانیان لەبەردەستە کە جەختدەکاتەوە نابێت جیاکاری لە نێوان چینەکاندا بکرێت. هەروەها باسی لەوە کرد کە نەبوونی داتایەکی ورد لەسەر شۆفێرەکان کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە و گوتی: "زۆرجار 100 شۆفێر کار دەکەن، بەڵام 500 کەس دێن بۆ وەرگرتنی بەنزین ناوی خۆیان دەنووسن."
شۆفێرانی ناوچەکە جەختدەکەنەوە کە رۆژانە نزیکەی 200 تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی بەو پیکابانە دەگوازرێتەوە و داوا دەکەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەشە بەنزینەکەیان بۆ بکاتە رۆژانە، بۆ ئەوەی رێگری لە زیانگەیاندن بە جووتیاران و بەرهەمی ناوخۆیی بگیرێت.
.webp&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)