رووداو دیجیتاڵ
دوای رووداوە دڵتەزێنەکەی ناحیەی کەسنەزان، پارێزگای هەولێر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی هاوشێوە دێتە سەر هێڵ و بڕیارە هەفتەی داهاتوو چەند رێنماییەکی نوێ بۆ بارهەڵگرەکان و شۆفێران دەربکات. جێگری پارێزگاریش دەڵێت، پێشنیازی دروستکردنی "رێڕۆی سەلامەتی" لە شەقامە لێژەکاندا هەیە.
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، رۆژی پێنجشەممە 27ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، بڕیارە رۆژی یەکشەممە یان دووشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی فراوان بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک هاتووچۆ و رێگەوبان بکرێت، بۆ دەرکردنی کۆمەڵێک بڕیاری پێویست.
دروستکردنی "رێڕۆی سەلامەتی"
جێگری پارێزگاری هەولێر تیشکی خستە سەر یەکێک لە پێشنیازە هەرە گرنگەکان و گوتی: "پێشنیازمان کردووە لەو شەقامانەی لێژییان زۆرە، 'رێڕۆی سەلامەتی' (رەمپەی خۆڵ و بەرد) دروست بکرێت؛ تاوەکو ئەو ئۆتۆمبێلانەی کۆنترۆڵ لەدەست دەدەن یان برێکیان نامێنێت، بچنە ناو ئەو رێڕەوانە و خێراییان سفر ببێتەوە." نموونەشی بەو رێڕەوە هێنایەوە کە ئێستا لە توونێلی میراوە کاری لەسەر دەکرێت.
سەبارەت بە رووداوەکەی دوێنێی کەسنەزان، هێمن قادر ئاماژەی بەوە کرد کە ڤیدیۆکان دەیسەلمێنن بارهەڵگرەکە برێکی نەماوە و بەهۆی لێژیی شەقامەکەشەوە کێشەکەی بووەتە "دوو هێندە"، بۆیە جەختی کردەوە کە رێنمایی نوێ بۆ بازگەکان دەردەکرێن تاوەکو پشکنینی وردتر بۆ ئەو بارهەڵگرانە بکەن کە لە دەرەوەی هەولێرەوە دێن.
هونەر نووری، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئەوان کار لەسەر دروستکردنی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس دەکەن، هاوکات هەڵمەتێک بۆ لابردنی زیادەڕۆییەکانی سەر شەقامەکان و دانانی هێمای هۆشداریکردنەوە دەستپێدەکەن تاوەکو رێژەی رووداوەکان کەمببێتەوە.
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان رادەگەیێندرێت
لەبارەی لایەنی یاسایی و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند کە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی کەسنەزان بۆ رای گشتی رادەگەیێنن. ئاماژەی بەوەش کرد کە پێداچوونەوە بە خێرایی شەقامەکان لە دەسەڵاتی لیژنەیەکی تایبەتمەنددایە و پۆلیس ئەرکی جێبەجێکردنی رێنماییەکانە.
رۆژی چوارشەممە بارهەڵگرێک لە کەسنەزان بەهۆی نەمانی "برێک"ـەوە خۆی بە حەوت ئۆتۆمبێلدا کێشا و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.


.webp&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)