رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دادەبەزێت بۆ خوار 40 پلەی سیلیزی. کەشناسێکیش پێشبینی دەکات، لە رۆژانی داهاتوودا "بارستەهەوایەکی فێنک" رووبکاتە هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی ئاب بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما دوو بۆ چوار پلەی سیلیزی دادەبەزێت. هەروەها پلەی گەرمای سبەی "نزیک دەبێتەوە لە ئەمڕۆ".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاریگەری گەرمای چەند رۆژی رابردوو لەسەر ناوچە جیاوازەکان بە تەواوی کۆتاییهاتووە و بای شەماڵ چەند رۆژێکە چالاک بووەتەوە".
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، "لە کۆتایی ئەم مانگەوە بۆ سەرەتای مانگی داهاتوو بارستەهەوایەکی فێنکی دەریای نێوەڕاست روودەکاتە تەواوی ناوچەکان و بەو هۆیەوە پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 3 بۆ 5 پلەی سیلیزی دادەبەزێت و چیدی گەرمای بەتینی هاوین لەم وەرزەدا ناگەڕێتەوە".
شاڵاو هیدایەت پێشبینی دەکات لەنێوان 29 تاوەکو 31ـی ئەم مانگە کەمێک باران و هەورەبرووسکە ناوچە جیاوازەکان بگرێتەوە.
بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 39 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 38 پلەی سیلیزی
دهۆک: 39 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 39 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 39 پلەی سیلیزی
پیرمام: 36 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 30 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 40 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 41 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 40 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 42 پلەی سیلیزی


